بەغدا – INA
فراکسیۆنی مەسیحی پەرلەمانی (سۆیانا) لەگەڵ جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا مەلەفی بەڕێوەبردنی هەمەجۆری لە عێراق تاوتوێ کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکی فراکسیۆنەکەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "شاندێکی فراکسیۆنی مەسیحی پەرلەمانی سۆیانا چاویان کەوت بە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند مەلەفێکی سیاسی و نیشتمانی پەیوەندیدار بە مافەکانی پێکهاتەکانی عێراق و داهاتووی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا." ئاماژەی بەوەش کردووە کە: "شاندەکە پێکهاتبوو لە کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، سەرۆکی فراکسیۆنەکە، و هەردوو پەرلەمانتار عیماد یوخەنا یاقۆ و سامى ئۆشانا."
ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت: "لە دیدارەکەدا بارودۆخی پێکهاتەی مەسیحی و مافە دەستووری و سیاسییەکانیان، لەگەڵ مەلەفی بەڕێوەبردنی هەمەجۆری لە عێراق تاوتوێ کران. هەروەها جەخت لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە شایستەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی مەسیحی و گەرەنتی نوێنەرایەتیکردنی دادپەروەرانەیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کرایەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ئەنجامەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئیرادەی دەنگدەراندا بگونجێت."
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا باسیان لە ڕێڕەوەکانی تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی کرد، لەگەڵ گرنگی پشتگیریکردنی بەرنامە چاکسازییەکەی و هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری ئەمنی و بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و خزمەتکردنی سەرجەم عێراقییەکان."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: "هەردوولا جەختیان لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و پشتگیریکردنی بەهاکانی فرەیی و پێکەوەژیان کردەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئامادەیی پێکهاتە ڕەسەنەکان لە عێراقدا و پاراستنی ماف و ڕۆڵی نیشتمانییان."



