بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەمی هێزە تایبەتەکانی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، ڕێنماییدا بە بەرزکردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرانەی کە لە پلەی ملازمەوە بۆ مقدم شایستەی پلەبەرزکردنەوەن، و کارکردنی بێوچان بۆ دۆزینەوەی پۆستی گونجاو بۆ پلەبەرزکردنەوەکانیان، هاوکات جەختیشی لەسەر دانانی میکانیزمێکی پەسەندکراوی تایبەت بە بریندارانی (ئەفسەران و پلەداران) و دیاریکردنی ڕێژەی پەککەوتەیی کردەوە بۆ ئەوەی پلەبەرزكردنەوە و گواستنەوە بیانگرێتەوە.
وەزارەتی بەرگری لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەمی هێزە تایبەتەکانی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا، سەرۆکایەتی دانیشتنی ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٦ی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کرد، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری ئەمنیی وەزارەتی بەرگری، جێگرانی سەرۆکی ئەرکانی سوپا، پشکێنەری گشتیی سەربازی، فەرماندەکانی چەکەکان، سەرۆکی دەستەکان، و بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتی و پۆلە پەیوەندیدارەکان".
بەیاننامەکە راشیگەیاند: "دانیشتنەکە بە خوێندنەوەی ئەو بابەتە سەرەکییانە دەستیپێکرد کە لە کارنامەکەدا خرابوونەڕوو، کە چەندین مەلەفی گرنگی لەخۆگرتبوو، لەوانە: پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک لەلایەن یەکێک لە ئەفسەرە ژنەکانی پۆلی پزیشکی سەبارەت بە پشتبەستن بە بارکۆدی تەندروستی لەسەر جلی سەربازیی کارمەندانی سوپای عێراق، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ ئەو گەشەسەندنەی لە پرۆگرامەکانی تەکنۆلۆژیادا بەدەستهاتووە".
رونیشیكردەوە: "سەرۆکی ئەرکان ستایشی پێشنیازەکەی کرد و ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی دەربڕی؛ بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێک بۆ باقی ئەفسەران و کارمەندان تا داهێنان و بیرۆکە پەرەپێدەرەکانیان لە چوارچێوەی پسپۆڕییەکانیاندا پێشکەش بکەن".
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بابەتەکانی تری تایبەت بە زانکۆی بەرگری بۆ خوێندنی سەربازی خرانەڕوو، کە پەیوەندیدار بوون بە بەخشینی بڕوانامە و پێشوازیکردن و چاوپێکەوتنی خوێندکارانی کۆلێژ و پەیمانگا سەربازییەکان، جگە لە تاوتێکردنی ڕەشنووسی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی هاوتای بەریتانی".
ڕوونیشیکردەوە: "دانیشتنەکە پێشکەشکردنی پێشنیازی تری لەخۆگرتبوو سەبارەت بە پێکهێنان و هێنانەکایەی ژمارەیەک ناوەند لە جومگە جیاوازەکانی دامەزراوەی سەربازیدا، کە بە شێوەیەکی تێر و تەسەل لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکەوە گەنگەشەکران پێش ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و ڕاسپاردە و بڕیاری گونجانیان لەسەر بدرێت".
بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەرکانی سوپا ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بە "بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەران لە پلەی ملازمەوە بۆ مقدم و کارکردنی بێوچان بۆ دۆزینەوەی پۆستی گونجاو بۆ پلەبەرزکردنەوەکانیان"، هەروەها جەختی لەسەر "دانانی میکانیزمێکی پەسەندکراوی تایبەت بە بریندارانی (ئەفسەران و پلەداران) و دیاریکردنی ڕێژەی پەککەوتەیی کردەوە، بەمەبەستی گرتنەوەیان بۆ پلەبەرزكردنەوەو گواستنەوەکان، کە ئەمەش لە چوارچێوەی بایەخدانی بەڕێزیان دێت بەم توێژە قوربانیگەیەنەرە".

