بەغداد - INA
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان فەریق عومەر عەدنان وائیلی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لەسەر پێویستیی پشتبەستن بە وردبینیی ئەلیکتۆنیی گشتگیر لە سەرجەم قۆناغەکانی ڕاییکردنی مامەڵەی کاڵاکاندا کردەوە، ئەوەش لە ڕێگەی هاوتاکردنی پسوولە، کێش، وێنەکانی سۆنەر و فاکتۆرەکانی باج و ڕسووماتەوە.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بە سەرۆکایەتیی فەریق عومەر عەدنان وائیلی و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی دەروازە سنوورییەکانی (وشکانی، دەریایی، ئاسمانی) سازکرا، بە مەبەستی تاوتێکردنی میکانیزمەکانی پەرەپێدانی ئەدای دامەزراوەیی و بەهێزکردنی کارایی کاری چاودێری لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا".
بەپێی بەیاننامەکە، وائیلی جەختی لەسەر "گرنگیی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی سیستەمە ئەلیکتۆنییە پێشکەوتووەکان و پشتبەستن بە بنەمای یەکتربڕینی زانیارییەکان کردەوە، وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستکاریکردن و ساختەکاری، پاراستنی ماڵی گشتی، و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان".
بەیاننامەکە ئەوەشی خستەڕوو: "کۆبوونەوەکە شاهیدی تاوتێکردنی پلانی ستراتیژیی دەستەکە بوو بۆ قۆناغی داهاتوو، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ئامادەکارییە تایبەتەکان بۆ پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێبێت)، جیا لە دیاریکردنی ئەولەویەتەکانی کار لە بواری دەستبەسەرداگرتنی سەرپێچییەکان، پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، و بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت".
وائیلی جەختی لەسەر "پێویستیی پشتبەستن بە وردبینیی ئەلیکتۆنیی گشتگیر لە سەرجەم قۆناغەکانی ڕاییکردنی مامەڵەی کاڵاکاندا کردەوە، لە ڕێگەی هاوتاکردنی پسوولە، کێش، وێنەکانی سۆنەر و فاکتۆرەکانی باج و ڕسووماتەوە، سەرەڕای وردبینیکردنی نووسراوەکانی لێخۆشبوون، بڕوانامەکانی بنەچە ، فاکتۆرەکان، پشکنینی پێشوەختە، ڕیزبەندییە سنوورییەکان، فەرمانەکانی ڕادەستکردن و پۆلیسەکانی ناردن، بە جۆرێک کە دڵنیایی بدات لە دروستیی ڕێکارەکان و ڕێگە لە هەر ههوڵێکی دەستکاریکردن یان ساختەکاری بگرێت".
هەروەها وائیلی ڕێنمایی ئیدارەی دەروازە سنوورییەکانی کرد بە "پێویستیی بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەروازەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو فەرمانگانەی تێیدا کار دەکەن، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن، ئاسانکاری لە ڕێکارەکان و باشترکردنی ژینگەی کاردا".
وائیلی تەئكیدیشی لەسەر "گرنگیی سەپاندنی دیسپلین و ڕێکخستن لە ناو دەروازە سنوورییەکاندا کردەوە، لە ڕێگەی قەدەغەکردنی چوونی ئۆتۆمبێل و کەسانی ڕێپێنەدراو بۆ گۆڕەپانەکانی پشکنین، و ڕێگەنەدان پێیان بۆ ئەنجامدانی هیچ چالاکییەکی بازرگانی لە ناو دەروازەکاندا بەو پێیەی بەپێی یاسا مۆڵەتیان نییە، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران".
لە کۆتاییدا وائیلی ئاماژەی بەوەکرد: کە "دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەهرەمەندە لە پاڵپشتیی حکومی و ئەمنی و بەدواداچوونی بەردەوام، لەگەڵ هەماهەنگی و تەواوکاری لەلایەن لایەنە چاودێرییە تایبەتمەندەکانەوە، ئەمەش توانای دەستەکە بەهێز دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بە کاراییەکی بەرز، و چەسپاندنی بنەماکانی شەفافیەت و چاودێریی کاریگەر لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکاندا".
