بەغداد – INA
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو)، ئەمڕۆ چوارشەممە، پشتیوانی خۆی بۆ فراوانکردنی چاندنی میکانیکی (شتال)ی بەرهەمی برنج لە پارێزگای نەجەفی ئەشرەف ڕاگەیاند، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی کەمیی ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
ڕێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە پەرەسەندووانەی کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کەمیی سەرچاوەکانی ئاو دەیخەنە سەر بەرهەمهێنانی برنج لە عێراق، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) و هاوبەشە حکومییەکانی، کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکارییان لە پارێزگای نەجەفی ئەشرەف سازکرد، بە مەبەستی داڕشتنی ڕێوشوێنی پراکتیکی کە بەشداربن لە فراوانکردنی بەکارهێنانی چاندنی میکانیکی برنج، وەک یەکێک لە چارەسەرە کردارییەکان بۆ بەرزکردنەوەی کارایی بەکارهێنانی ئاو، پشتیوانیکردنی توانای جوتیاران بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ تەحەدییاتەکانی کەشوهەوا، و باشترکردنی بژێوی کشتوکاڵی بەردەوام."
ڕوونیشیکردەوە: "کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'بەهێزکردنی بژێوی کشتوکاڵی بۆ ئەو کۆمەڵگە گوندنشینانەی کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە' ڕێکخرابوو، کە لەلایەن سندوقی سەوزی کەشوهەوا (GCF)ـەوە تەمویل دەکرێت. کۆبوونەوەکە بە بەشداری نوێنەری ڕێکخراوی (فاو) لە عێراق، و نوێنەرانی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، و ژینگە، هۆبە و سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەجەفی ئەشرەف، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری ژینگە، سەرۆکی کۆمەڵەی جوتیاران، و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگاکە، لەگەڵ شارەزایانی ڕێکخراوی (فاو) بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکانی بەهێزکردنی کارە کشتوکاڵییە زیرەکەکان لە ڕووی کەشوهەواوە لە بەرهەمهێنانی برنجدا و پشتگیریکردنی گەشەپێدانی کشتوکاڵی بەردەوام بۆ ئەو کۆمەڵگە کشتوکاڵییانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە."
ئاماژەی بەوەشکرد: "چاندنی برنج لە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی شەپۆلەکانی وشکەساڵی بەردەوام و خراپتربوونی کەمیی ئاوی لەسەر بووە، ئەمەش جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری چارەسەری داهێنەرانە دەکاتەوە کە جوتیاران توانا بکات پارێزگاری لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بکەن لەگەڵ بەکارهێنانی نموونەیی سەرچاوە ئاوییە بەردەستەکان."
راشیگەیاند: "گفتوگۆکان پشتیان بەستبوو بەو وانانەی لە ئەزموونە مەیدانییەکانی پێشوو وەرگیرابوون کە (فاو) لە هەمان پارێزگادا پشتیوانی لێکردبوون، لەوانەش بەکارهێنانی چاندنی میکانیکی لە چاندنی برنجدا"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "ئەنجامە ئەرێنییە بەدەستهاتووەکان لەم ئەزموونانەدا، توانای ئومێدبەخشی ئەم شێوازەیان نیشاندا لە باشترکردنی کارایی بەکارهێنانی ئاو، کەمکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، و پشتیوانیکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنانی برنج لە ژێر ڕۆشنایی ئاستەنگە پەرەسەندووەکاندا، ئەمەش بنەمایەکی گرنگی بۆ ئەو چالاکییانە دابینکرد کە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژە نوێیەدا جێبەجێ دەکرێن."
ی خستەڕوو کە: "بنیاتنان لەسەر ئەم ئەنجامانە، بەشداربووان لەسەر کۆمەڵێک میکانیزمی پراکتیکی ڕێککەوتن کە ئامانجیان فراوانکردنی مەودای بەکارهێنانی چاندنی میکانیکی برنجە لە پارێزگای نەجەفی ئەشرەف، لەگەڵ پشتیوانیکردنی جوتیاران لە ڕێگەی هاوکاری تەکنیکی، ئاڵوگۆڕی زانیاری، و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی پێویست بۆ جێبەجێکردن."
لەلایەن خۆیەوە، بریکاری تەکنیکی وەزارەتی کشتوکاڵ، میساق عەبدولحسێن خەفاجی، جەختی لەسەر گرنگی داهێنان کردەوە لە دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق و وتی: "دەستەبەرکردنی بەردەوامیی بەرهەمهێنانی برنج لە عێراق پێویستی بە داهێنان، هاوبەشی، و بەکارهێنانی کارای سەرچاوە سروشتییەکانمان هەیە، وە چاندنی میکانیکی شێوازێکی ئومێدبەخشە بۆ باشترکردنی بەرهەمداری و کەمکردنەوەی پەستان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، و چاوەڕوانین مەودای پەیڕەکردنی لەنێوان جوتیاراندا فراوانتر بکەین."
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەرانی وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە جەختیان لەسەر "گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کردەوە بۆ پشتگیریکردنی بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوەکانی ئاو و هاندانی ئەو کارە کشتوکاڵییانەی کە توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بەرز دەکەنەوە و سەرچاوە سروشتییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەپارێزن."
لەلایەن خۆیەوە، نوێنەری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) لە عێراق، سەڵاح حاج حەسەن، جەختی لەسەر "گرنگی بنیاتنان لەسەر ئەزموونە سەرکەوتووەکان کردەوە بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە کەرتی کشتوکاڵیدا" و وتی: "ئەم پڕۆژەیەی کە لەلایەن سندوقی سەوزی کەشوهەوا تمویل دەکرێت و لەلایەن ڕێکخراوەکەمانەوە بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە حکومییەکانمان جێبەجێ دەکرێت، دەرفەتێکی گرنگ دابین دەکات بۆ بنیاتنان لەسەر ئەزموونە سەرکەوتووەکان و خێراکردنی پەیڕەکردنی کارە کشتوکاڵییە زیرەکەکان لە ڕووی کەشوهەواوە لە عێراقدا."
وتیشی: "لە ڕێگەی بەهێزکردنی چارەسەرە داهێنەرەکان کە کارایی بەکارهێنانی ئاو باشتر دەکەن و نەرمی کۆمەڵگە گوندنشینەکان بەرز دەکەنەوە، دەتوانین یارمەتی جوتیاران بدەین بۆ خۆگونجاندنی باشتر لەگەڵ کاریگەرییە پەرەسەندووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی کشتوکاڵی بەردەوامتر."
بەشداربووان "میکانیزمە پێشنیارکراوەکەیان پەسەند کرد بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی نموونەیی لەسەر ڕووبەری ١٠٠ دۆنم، و پشتگیریکردنی جوتیاران بۆ فراوانکردنی قۆناغ بە قۆناغ لە جێبەجێکردنی چاندنی میکانیکیدا تا دەگاتە ٨٠٠ دۆنم لە ماوەی وەرزی کشتوکاڵی ئێستادا، ئامانجی ئەم میکانیزمەش ئاسانکارییە بۆ گەیشتنی جوتیارانی سوودمەند بە پێداویستییەکانی چاندنی میکانیکی بەپێی پێوەرە پەسەندکراوەکان، بە جۆرێک کە پاڵپشتی زیادبوونی پشتبەستن بەم تەکنەلۆژیایە بکات لە چاندنی برنج لە پارێزگای نەجەفی ئەشرەف."
هەروەها بەشداربووان ڕێککەوتن لەسەر "پێکهێنانی تیمە مەیدانییە هاوبەشەکان کە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو، کۆمەڵەی جوتیاران و ڕێکخراوی (فاو) لەخۆدەگرێت، بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی چالاکییەکان، پشتیوانیکردنی جوتیاران، و سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەچوونی کارەکان لە ماوەی وەرزی کشتوکاڵیدا."
بەیاننامەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: "ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پڕۆژەکەدا دێت کە ئامانجی بەهێزکردنی توانای خۆڕاگری ئەو کۆمەڵگە گوندنشینانەیە کە زۆرترین ناسکیان هەیە لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوادا، و هاندانی بەڕێوەبردنی بەردەوامی سەرچاوە سروشتییەکان، و پشتگیریکردنی سیستمە کشتوکاڵی و خۆراکییە کاراتر و بەردەوامەکان لە عێراقدا. لە ڕێگەی بەهێزکردنی کارە کشتوکاڵییە زیرەکەکان لە ڕووی کەشوهەوا و کارامە لە بەکارهێنانی ئاودا، پڕۆژەکە بەشدار دەبێت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، بەتایبەتی ئامانجی دووەم 'نەهێشتنی برسییەتی'، ئامانجی شەشەم 'ئاوی پاک و پاکوخاوێنی'، و ئامانجی سێزدەیەم 'کارکردن بۆ کەشوهەوا'، هەروەها پشتگیری ئامانجەکانی سندوقی سەوزی کەشوهەوا دەکات سەبارەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمخانەییەکان، و پڕۆژەکە بەشداریش دەکات لە جێبەجێکردنی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە پێناو گەشەپێدانی بەردەوام لە عێراقدا."


