بەغداد - INA
وەزارەتی داد، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕایگەیاند: لە ماوەی مانگی ئایاری ڕابردوودا زیاتر لە ٣٦ هەزار مامەڵەی فرۆشتن و گواستنەوەی خاوەندارێتی ڕاییکراون.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "فەرمانگەی تۆمارکردنی خانوبەرە لە وەزارەتی داد (٣٦,٢٤٣) مامەڵەی فرۆشتن و گواستنەوەی خاوەندارێتی ملکی لە بەڕێوەبەرایەتییە جیاجیاکانی تۆمارکردنی خانوبەرە لە بەغداد و پارێزگاکان لە ماوەی مانگی ئایاری ڕابردوودا ڕاییکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا بۆ ئاسانکاری لە ڕێکارەکان و پەرەپێدانی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن".
بەپێی بەیاننامەکە، فەرمانگەکە جەختی کردووەتەوە: "قەبارەی مامەڵە ڕاییکراوەکان ڕەنگدانەوەی ئاستی ئەو چالاکییەیە کە بازاڕی خانوبەرە لە وڵاتدا بەخۆیەوەی دەبینێت، سەرەڕای لێهاتوویی لە کارکردنی دامەزراوەیی فەرمانگەکانی تۆمارکردنی خانوبەرە و توانایان لە ڕاییکردنی مامەڵەکان بەپێی ڕێسای یاسایی پەسەندکراو، بە شێوازێک کە پاراستنی مافی خاوەندارێتی مسۆگەر بکات و متمانە بە ڕێکارە فەرمییەکانی خانوبەرە بەهێز بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی نوێکردنەوەی کارگێڕی، وەرچەرخانی دیجیتاڵی و ئاسانکاری لە ڕێکارەکاندا، بەجۆرێک کە بەشداربێت لە خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاوڵاتیان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە دادوەرییەکان، هاوتەریب لەگەڵ ئاڕاستەکانی وەزارەتی داد کە ئامانج لێی پەرەپێدانی ئەدای دامەزراوەیی و بەدیهێنانی باشترین ئاستی خزمەتگوزارییە لە فەرمانگە جیاجیاکانیدا".

