دوای تەواوبوونی پێشبڕکێی زۆرانبازی UFC کە بە بەشداری زیاتر لە چوار هەزار کەس لە کۆشکی سپی ئەنجام درا، پێشبینی دەکرێت چیمەنی حەوشەی کۆشکی سپی بە نزیکە ملیۆنێک دۆلار نۆژەن بکرێتەوە.

پێشبڕکێی زۆرانبازی UFC ڕۆژی یەکشەممە بە بەشداری نزیکەی 4 هەزار و 300 کەس بەڕێوە چوو.

پێشبڕکێکە هاوکات بوو لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی سەرۆکی ئەمەریکا و گرێدراو بوو بە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا.

پێشبڕکێکە لە چیمەنی باشووری کۆشکی سپی ڕێکخرا، کە پێکهاتووە لە زیاتر لە حەوت هێکتار ڕووبەری سەوزایی چیمەن و گۆڕەپانێکی سەرەکییە بۆ بەڕێوەچوونی بۆنەکان.

مەزندە دەکرێت تێچووی ڕێکخستنی گۆڕەپانەکە و دانانی تەختی نمایشەکان و شوێنی دانیشتن نزیکی 60 ملیۆن دۆلار بێت. بەڕێوبەری UFC ڕایگەیاند کۆمپانیاکە خەرجی بەڕێوەچوونی زۆرانبازییەکە لەئەستۆ دەگرێت.

هەروەها کۆمپانیای چیمەنی سکۆتس میرەکڵ گرۆ بە تەلەفزیۆنی فۆکس نوزی ڕاگەیاند بە بەهای یەک ملیۆن دۆلار هەڵدەستێت بە دووبارە نۆژەنکردنەوەی چیمەنی گۆڕەپانەکە کە لە بۆنەکەدا زیانی بەر کەوتووە.

نەیت باکستەر، بەڕێوبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی داوە بە ئاڵۆزی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە، ئەویش بەهۆی ژینگەی جیاوازی واشنتن کە لە وەزی گەرمادا شێدارە و لە وەرزی سەرمادا وشکە و پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفری سیلیزی.

بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، تیمێکی شارەزایان لە کۆمپانیای چیمەنی سکۆتس میرەکڵ گرۆ سەردانی کۆشکی سپییان کردووە و لەگەڵ دۆناڵد ترامپ کۆبوونەتەوە.

بەڕێوبەری کۆمپانیاکە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، " سەرۆک ترامپ زانیاری زۆری لەسەر چیمەن هەیە. پێموایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی لە گۆڕەپانەکانی گۆڵف. گفتوگۆی نێوان سەرۆک ترامپ و زانایانمان لەسەر ئەم بابەتە زۆر سەرنجڕاکێش بوو."

بەهۆی ئەوەی چیمەنی کۆشکی سپی ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگای فیدراڵی 'خزمەتگوزاری پارکە نیشتمانییەکان" بەڕێوە دەبرێت، کۆپانیای سکۆتس میرەکڵ گرۆ پرۆژە یەک ملیۆن دۆلارییەکەی وەک "بەخشینێکی خێرخوازی" ئامادە کردووە.