سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا ئێستا لە پێگەیەکی گونجاودایە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی بەشێک لە سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا کە بەهۆی شەڕی ئێران و داخستنی گەرووی هورمزەوە سووک کرابوون.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا مانگی سێ مۆڵەتێکی کاتی بۆ وڵاتان دەرکرد بە مەبەستی کڕینی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ڕووسیا کە لە خاکی ڕووسایا تێپەڕیوون. ئامانجی ئەم هەنگاوە سەقامگیرکردنی بازاڕەکان بوو دوای پچڕانی هاتوچۆی دەریایی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا، کە ڕێژەی 20%ی نەوت و غازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
ترامپ لە میانی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئەل نەهیان، لە پەراوێزی لوتکەی گرووپی حەوت لە شاری ئێڤیان لە فەرەنسا، وتی، "بەم زووانە دەتوانین [سزاکان بسەپێنینەوە] چونکە ئێستا نەوتەکە دەڕوات."
ترامپ گوتیشی، "سزاکانمان لابرد چونکە ڕوونە کە ئێمە بەدوای ئەوەدا نین ڕێگری لە هەناردەی نەوت بکەین. ئێمە لە دۆخێکداین کە بەم زووانە سزاکان بگەڕێنینەوە."
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە هات ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کۆبووەوە، لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان لە لوتکەی گرووپی حەوت لە ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکەیاندا پشتگیرییان لە ئۆکراینا کرد.
سەرۆک ترامپ داوای لە سەرکردەکانی ئۆکراینا و ڕووسیا کرد بگەن بە "ڕێککەوتنێک" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان کە لە مانگی دووی ساڵی 2022 دەستیپێکرد.


