سەرۆکی ئەمەریکا لە شێوازی ڕووماڵکردنی ڕێککەوتنەکەی ئێران لەلایەن هەندێک لە دەزگا میدیاییەکانەوە ناڕازییە و ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ ئەوەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا دەقی تەواوی ڕێککەوتنەکە بڵاو بکاتەوە.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت لە فەرەنسایە، ڕایگەیاند، "لەڕاستیدا بەنیاز نیم تەنها بڵاوی بکەمەوە، بەڵکو ڕەنگە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز بکەم و هەمووی بخوێنمەوە بۆ ئەوەی میدیا بە هۆشیارییەوە ڕووماڵی بکات، چوونکە ئەمە بەڵگەنامەیەکی زۆر گرنگە."
سەرۆکی ئەمەریکا وردەکاری زیاتری نەخستە ڕوو، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی بە گوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئێران ناتوانێت ببێت بە خاوەن چەکی ناوەکی.
دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە بەشێوەی ئەلیکترۆنی ڕەزامەندی لەسەر درا، بڕیارە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی هەینی لە سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە گێڕاوە، بە کەناڵی ئەی بی سی ڕاگەیاند شیانی هەیە ترامپ بەر لە هەینی دەقی ڕێککەوتنەکە بڵاوبکاتەوە.
لە واشنتن داواکارییەکان پەرەیان سەندووە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی دەقی تەواوی ڕێککەوتننامەکە، لە کاتێکدا ڕەخنەگرانی ڕێککەوتنەکە نیگەرانی دەردەبڕن لە ئەگەری دەستگەیشتنی ئێران بە چەندین ملیار دۆلار.
سیناتۆری کۆماری لنزی گراهام کە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرسەختەکانی ترامپ چەند جارێک گومانی لە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە و نیازی ئێران دەربڕیوە و داوای کردووە دەقی یاداشتنامەکە لە کۆنگرێس بڕیاری لەسەر بدرێت.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە بە گاڵتەوە ڕایگەیاند لینزی گراهام "لە کێشەیەکی گەورەدا" دەبێت، ئەگەر بێتو گومان بخاتە سەر ڕێککەوتننامەکە.

