سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بەرگری لە ڕێککەوتننامەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران کرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی 40 ڕۆژە و وتی ڕێککەوتننامەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نابێت.
دۆناڵد ترامپ لە میانەی دیدارێکی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر لە پەراوێزی لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "تاکە شتێک کە بەڕاستی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت و ڕێککەوتنەکەش بە دەنگێکی بەرز و ڕوون ئەوەمان پێدەڵێت."
سەرۆک ترامپ وتی ئەگەر حکومەتی ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، دۆزەخی لێدەکرێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا وەک داکۆکیکردن لە ڕێککەوتنی ئێران وتی ڕێککەوتنەکە چووەتە قۆناغی دووەمەوە کە بە وتەی خۆی ئەم قۆناغە ئاسانترە لە قۆناغی پێشوو.
ئێران و ئەمەریکا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد کە بەڵگەنامەیەکی گشتییە کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس بە "لاپەڕە و نیوێک" وەسفی کرد و بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە 14ی مانگی شەش واژۆی کرد و کۆتایی بە "جەنگ لە هەموو بەرەکاندا" هێنا.
هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە واژۆ کرا، دەستبەجێ گەرووی هورمز بکرێتەوە و سوپای ئەمەریکا گەمارۆی دەریایی خۆی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت. پاشان تاران و واشنتن 60 ڕۆژیان لەبەردەستدا دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسانەی کە لەسەری ناکۆک بوون، بەتایبەتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ی ئێران و چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی.
سەرۆک ترامپ هەروەها وتی بەدەستهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران "لە ڕووی دەروونییەوە" بۆ ئەمەریکا گرنگە.

