نێودەوڵەتی – INA

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەمڕۆ سێشەممە، هیوای خواست کە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و ئەمریکادا ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاسایی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ماجید ئەنساری ڕایگەیاند: "هیوادارین واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا ببێتە هۆی گەڕانەوەی هاتوچۆی دەریایی لە هورمز؛ هاوکات هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکانی (ئیسرائیل) بۆ سەر لوبنان نییە و ئێمە بە دەستدرێژیکردنە سەر سەروەریی ئەو وڵاتەی دادەنێین".

وتیشی: "ئێمە نێوەندگیری ڕاستەوخۆ نین، بەڵکو لایەنێک لە پاڵپشتیکردنی نێوەندگیرییەکەی پاکستان و لە چوارچێوەی ئەودا دەجووڵێینەوە"، هاوکات گەشبینی خۆی دەربڕی بەوەی کە "ئەم نێوەندگیرییەی نێوان ئەمریکا و ئێران ببێتە هۆی کۆتایهێنان بە ململانێکان و بەدیهێنانی سەقامگیری".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "کۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکەی پاکستاندا بەڕێوەدەچن، و لە ئێستادا هیچ کۆبوونەوەیەک لە دەوحە لە نێوان واشنتن و تاراندا نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "قەتەر لە چوارچێوەی نێوەندگیرییەکەی پاکستاندا لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لە پەیوەندیدایە، و کاردەکات بۆ بەدیهێنانی تەبایی لە نێوان هەردوولادا، لەگەڵ گەڕانەوەی هاتوچۆی دەریایی بۆ هورمز و بەردەوامبوونی ئاگربەست".

ئەنساری ئاماژەی بەوەش کرد کە "قەتەر بەردەوامە لە نێوەندگیرییەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی ئاگربەست لە غەززە و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتنەکە دەدەین"، ڕوونیشی کردەوە کە "هیچ پارەیەکی قەتەری خەرج نەکراوە، بەڵکو هەماهەنگییەکی جیهانی دەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرهاوێژە ئابوورییەکانی ئەم قەیرانەدا".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "قەتەر لە کۆبوونەوەی داهاتووی جنێفدا نوێنەرایەتی دەبێت"، و هیوای خواست "واژۆکردنی ڕۆژی هەینی ببێتە سەرەتایەک بۆ دانوستانە بەرهەمدارەکانی داهاتوو".

لە کۆتاییدا ڕوونی کردەوە: "ئێمە دەمانەوێت ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی وەک پێش جەنگەکەی لێبێتەوە و بۆ بەدیهێنانی ئەمەش کار دەکەین"، خستیشیە ڕوو کە "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرژییەکان و بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا".