کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم 40 کەس لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانییەوە لە سێدارە دراون کە 18 کەسیان خۆپیشاندەر بوون.

ڤۆڵکەر تورک ڕۆژی دووشەممە 15ی مانگی شەش ڕایگەیاند "بە قووڵی هاوسۆزی خۆی بۆ خەڵکی ئێران دەردەبڕێت کە لە نێوان شەڕ و سەرکوتکردنی دڕندانەدا گیریان خواردووە."

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئێران ساڵانە لە هەموو وڵاتێکی دیکە جگە لە چین زیاتر لەسێدارەدان ئەنجام دەدات.

ڤۆڵکەر تورک وتی بەداخەوە تاران سەرکوتکاریی خۆی چڕتر کردووەتەوە دوای ناڕەزایەتییەکانی دوا رۆژەکانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو و هەروەها دوای شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.

وتیشی "دەسەڵاتداران پەنایان بۆ سەرکوتکردنی توند بردووە و هەزاران کەسیان دەستگیرکردووە و سنووردارکردنی زیاتریان بەسەر کۆمەڵگەی مەدەنیدا سەپاندووە."

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شوێنێکی دیکەی قسەکانیدا پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و ئێران کرد و داوای لە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە کرد دان بە خۆیاندا بگرن.

تورک وتی پێشوازی لەو ڕاگەیاندنە دەکەم کە ئەمەریکا و ئێران گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی کە ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمیشەیی و کردنەوەی تەنگەی هورمز و چوارچێوەیەک بۆ بەردەوامی دانوستان لەخۆدەگرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە لەم کاتە گرنگەدا ڕوونە کە پێویستە هەموو لایەنەکان دان بە خۆیاندا بنێن و کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی خێرا و ئەو ڕێککەوتنەی کە دەستەبەر بووە.

ڕێککەوتنەکە لە کاتێکدا کە هێشتا چوارچێوەیەکی گشتییە بۆ رێککەوتنی سەرەکی، بەڵام گەورەترین پێشکەوتنە لە چارەسەرکردنی ئەو شەڕەی کە هەزاران کوژراوی لێکەوتووەتەوە و بازاڕەکانی وزەی پەکخستووە.

هەروەها کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانەکانی لوبنان و هەروەها هێرشە سنووربەزێنەکانی حزبوڵڵا دەربڕی.