بەغدا – INA – وەسـام مەلا
ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگاری دیوانییە، عەباس زاملی، ڕایگەیاند کە پڕۆژەکانی پارێزگاکە ڕێژەی سەدا سەد جێبەجێکردنیان بەدەستهێناوە، هاوكات جەختی لە پێویستیی پارێزگاکە بە بڕی 100 ملیار دینار کردەوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان.
زاملی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "پارێزگای دیوانییە خاوەنی چەندین پڕۆژەی ژێرخان و نۆژەنکردنەوەی گەڕەکە نیشتەجێبوونەکانە، بە جۆرێک کە 42 گەڕەک چوونەتە ناو پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونەوە، لە کاتێکدا پارێزگاکە سەرپەرشتی نۆژەنکردنەوەی 12 گەڕەک دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هەرێمەکاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "پڕۆژەکانی پارێزگاکە ڕێژەی جێبەجێکردنی سەدا سەد تۆمارکردووە، تەنها دوو پڕۆژە نەبێت کە ڕێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتووەتە زیاتر لە 90%، هاوکات پڕۆژەکانی وەزارەت تایبەت بە 42 گەڕەکەکە دابەشکراون بە سەرپەرشتی کۆمپانیای ئیسپانی بۆ 12 گەڕەک و کۆمانیایەکانی نۆژەنکردنەوە بۆ 30 گەڕەکەکەی دیکە، لەگەڵ جیاوازیی ڕێژەکانی جێبەجێکردنیان".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەک بڕیاری پاڵپشتی بۆ پارێزگای دیوانییە دەرکردووە، هەروەها هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و پلاندانان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێکی پاڵپشتیکاریان بۆ پارێزگاکە هەبووە، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی پڕۆژەکان وەستاون بەهۆی نەبوونی تەرخانکردنی دارایی پێویست بۆ تەواوکردنیان".
دووپاتی کردەوە کە "پارێزگاکە پێویستی بە 100 ملیار دینار هەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە دواکەوتووەکانی ژێرخان، بەتایبەت پڕۆژەکانی ئاوەڕۆ و نۆژەنکردنەوەی گەڕەکەکانی دیکە، ئەمەش بە ئامانجی تەواوکردنی پڕۆژەکان و ڕادەستکردنیان بە شێوەیەکی گشتگیر".
ڕوونی کردەوە کە "پڕۆژەی دیکەش هەن کە پێویستیان بە دارایی هەیە، لەوانە نەخۆشخانەی ئوسترالی، نەخۆشخانەی سونبولە و پڕۆژەکانی گەشەپێدانی هەرێمەکان، لە پاڵ پڕۆژەکانی دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستیی دیوانییە کە تێچووەکەیان نزیکەی 60 ملیار دینارە و تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرج نەکراوە، سەرەڕای پڕۆژەکانی وەزارەتەکان کە پێویستییە داراییەکانیان دەگاتە 150 ملیار دینار".

