هەولێر ـ INA

ئەمڕۆ دووشەممە ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ناردووە ،ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد".

ئاماژەی بەوەشکرد کە، "لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کردەوە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ لەپێناو پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و ڕووبەڕبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد کە، "باڵیۆزی بەریتانیا سەردانی مانگی ڕابردووی سەرۆکی حکومەتی بۆ بەغدا بەرز نرخاند و بە سەرکەوتووی ناوبرد بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە، "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی گرنگی یاسادانان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستووییی سیاسی لە هەرێمی کوردستان".