نێودەوڵەتی – INA
شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی باکستان، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا ڕاگەیاند، ئەوەش لە دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ کە لە نێوان هەردوولادا بەڕێوەچوو، هاوكات جەختی لەوە کردەوە کە لێکگەیشتنێک بەدی هاتووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێی بەردەوام و ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
شەریف لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کۆتایی لەسەرجەم بەرەکاندا ڕێککەوتوون، بە گۆڕەپانی لوبنانیشەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەردوولا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە نوێیەکەدا ڕاگرتنی هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان ڕاگەیاندووە.
وتیشی بڕیارە ڕێککەوتننامەکەی نێوان واشنتن و تاران بە شێوەیەکی فەرمی لە ١٩ی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە سویسرا واژۆ بکرێت، هاوکات پێشوازیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی و بە پێشکەوتنێکی گرنگ لەقەڵەمی دا بەرەو بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
ڕوونیشی کردەوە: "لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەوە، ناوبژیوانان کار دەکەن بۆ ئاسانکاریی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەم هەفتەیەدا".
لە کۆتاییدا وتی: "سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ململانێیەکە".


