بەغدا-INA

وەزارەتی ژینگەی عێراق بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئاوی عێراق بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ماڵان شیاو نییە.

لؤی موختار، وتەبێژی وەزارەتەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند : ئەو دەنگۆیانە بێ بنەمای زانستین و جیاوازی ناکەن لە نێوان کوالێتی ئاوی سەرچاوەکان (ڕووبارەکان) و ئەو ئاوەی کە پاش پاککردنەوە و تصفیەکردن دەگاتە ماڵان.

وەزارەتەکە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی ئاو، لە ڕێگەی 73 وێستگەی چاودێرییەوە لە سەرانسەری عێراق، مانگی دوو جار پشکنینی ورد بۆ ئاو ئەنجام دەدات و لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیش ڕۆژانە چاودێریی تۆڕەکانی گواستنەوەی ئاو دەکەن بۆ دڵنیابوون لە پاکژییەکەی.

ووتیشی : تەحەددییەکی گەورە هەیە، ئەویش فڕێدانی ئاوەڕۆی خاوێن نەکراوەی شارەکانە بۆ ناو ڕووبارەکان، کە ڕێژەکەی لە بەغدا دەگاتە 45% و لە پارێزگاکانی تریش نزیکەی 70%،بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، وەزارەت جەخت لە پێویستیی بنیاتنانی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی پێشکەوتوو (سێ قۆناغی) دەکاتەوە و بە ئەولەویەتی خۆیان دەزانن بۆ پاراستنی کوالێتی ئاوی ڕووبارەکان و کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکان.

وتەبێژی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئاوی عێراق بۆ خواردنەوە و بەکارهێنانی ماڵان شیاو نییە، و بە قسەی "بێ بنەمای زانستی" وەسفی کرد.