بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران،جەختی لەسەر سووربوونی حکوومەتی عێراق کردەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی بێسەروشوێنکراوانی کوەیتی و مامەڵەکردن لەگەڵی وەک دۆسیەیەکی مرۆیی.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران،لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : ئەمڕۆ یەکشەممە "عەلی فالح زەیدی"سەرۆک وەزیران،پێشوازی لە ماری یاماشیتە،نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، و شاندی یاوەری کرد.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد : لە سەرەتای دیدارەکەدا،یاماشیتە،پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران کرد بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ،و کۆی گشتی ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ کران، لەوانەش ڕێکار و هەنگاوەکان سەبارەت بە دۆسیەی بێسەروشوێنکراوانی کوەیتی.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بە دۆسیەی مرۆیی سەیری پرسی بێسەروشوێنکراوانی کوەیتی دەکات، و ئاماژەی بە قووڵایی پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەردوو گەلی عێراق و کوەیتی کرد و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی عێراق سوورە لەسەر چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە.

لە لای خۆیەوە : نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستایشی ئەو هەنگاوانەی کرد کە حکوومەتی عێراق لە هەردوو بواری ئابووری و ئەمنیدا ناویەتی و جەختی لە بەردەوامی پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەوڵەکانی عێراق و ڕێڕەوەکانی کارکردن کردەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانە.