بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ڕایگەیاند: تۆڕێکی نێودەوڵەتییان هەڵوەشاندووەتەوە و بڕی (200) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان لە قوڵایی خاکی سووریا دەستبەسەردا گرتووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە: لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی جۆریدا کە پشتی بە زانیاریی هەواڵگریی ورد بەستبوو، یەکەیەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆماری عەرەبی سووریا، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنییان لە قوڵایی خاکی سووریا ئەنجامدا.

وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە چەند ڕۆژێکی خایاند و بە هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و مەیدانی،پارێزگاکانی دێرەزوور و حومسی گرتەوە، هەروەک ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتی کە لە (9) بازرگانی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان پێکهاتبوو، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی (200) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر، کە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بە مەبەستی بازرگانیکردن، بهێنرێنە ناو خاکی عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەماهەنگی و هاوکارییە هەواڵگرییە کاریگەرەکە لەم ئۆپەراسیۆنەدا لە ئاستێکی بەرزدا بووە لە نێوان دەزگاکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەردوو وڵات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکانە بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی قاچاخچێتی،و لێدان لە هێڵەکانی دابینکردنی تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی ماددە هۆشبەرەکان، و دەستگیرکردنی مەترسیدارترین سەرکردەکانی ئەو بازرگانییە، بەمەبەستی پاراستنی کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ئەم پەتا کوشندەیە.