لە درێژەی جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمەریکا، کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کۆمەڵێک هەژماری یوتیوبی پەیوەندیدار بە کەسایەتی و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی داخستووە.
گووگڵ رایگەیاند دوای پشکنینی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە چالاکی دەیان کەناڵی یوتیوبی پەیوەندیدار بە تاک و دامەزراوە سزادراوەکانی سەر بە ئێران، هەنگاوی دژی ژمارەیەک لە هەژمارەکان ناوە کە سیاسەتەکانی کۆمپانیاکەیان پێشێل کردووە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی تازەی دامەزراوەی 'پڕۆژەی شەفافیەتی تەکنەلۆجیا' کە سەرەتا لە گۆڤاری وایرد بڵاوکرایەوە، دەیان کەناڵی یوتیوبی پەیوەندیدار بە کەسایەتی، میدیا و دامەزراوە سزادوارەکانی ئێران هێشتا لەسەر پلاتفۆرمەکە چالاک بوون و لە هەندێک حاڵەتدا ڕیکلامی بازرگانی لەسەر ڤیدیۆکانیان پیشان دەدرا.
ئەم بابەتە لە ڕوانگەی یاسای سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ڕیکلام یان ژێرخانی تەکنەلۆجی بۆ کەس و دامەزراوە سزادراوەکان دەکرێت ببنە هۆی کێشەی یاسایی بۆ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان.
لە ناو ئەو هەژمارانەدا ناوی هەژماری هەواڵدەری فارس هاتووە کە دەفتەری کۆنترۆڵی سامانی بیانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە مانگی نۆی 2023 خستبوویە سەر لیستی سزاکان و بە پەیوەندیدار بە سوپای پاسداران ناساندبووی. هەروەها ناوی زانکۆی ئەلموستەفا هاتووە، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا تۆمەتباری کردووە بە هاوکاری لە کۆکردنەوەی زانیاری بۆ هێزی قودسی سوپای پاسداران.
لە نێو کەسایەتییە سزادراوەکاندا ناوی بابەک زەنجانی و عەلی ئەکبەر وەلایەتیش دیارە. زەنجانی بەهۆی ڕۆڵی لە تێپەڕاندنی سزاکان و پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسداران و وەلایەتی وەک یەکێک لە کەسە نزیکەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خراونەتە ناو لیستی سزادراوەکان.
لە هەمان کاتدا، کەناڵی یوتیوبیی پەیوەندیدار بە چەندین کۆمپانیای کڕین وفرۆشتنی دراوی دیجیتاڵی ئێرانی، لەوانە نوبیتکس، والکس، ڕەمزینێکس و بیتپین، کە پێشتر لەلایەن ئەمەریکاوە سزادرابوون، داخراون.

