بەغدا - INA

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێكی دەركرد بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە و ڕاگرتنی ئەفسەرێك لە پۆلیسی وزەی كەركوك بەهۆی دەستدرێژیكردنە سەر هاووڵاتییەك لە یەكێك لە بەنزینخانەكان.

لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و ئاماژەی بەوە كردووە : حسێن عەوادی بریكاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ، فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە و ڕاگرتنی ئەفسەرێكی پۆلیسی وزەی كەركووكی دەركرد بەهۆی دەستدرێژیكردنە سەر هاووڵاتییەك لە یەكێك لە بەنزینخانەكان.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە كردووەتەوە بەپێی بەیاننامەكە : ئەم كردەوە تاكەكەسییە نوێنەرایەتی ڕێبازی خۆی یان بەها پیشەییەكانی خۆی ناكات، و بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی ئەو جۆرە كەیسانە و ڕێكاری یاسایی گونجاو بەرامبەر ئەو بەرپرسانە دەگرێتەبەر.