بەغدا - INA- حەسەن فەواز
پاتریارك مار پاوڵی سێیەم نۆنا، سەرۆكی كەنیسەی كلدانەكان لە عێراق و جیهان جەختی لە گرنگی دابینكردنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و ئابووری كردەوە بۆ ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها جەختی لە پێویستی بەرزكردنەوەی وێنەی عێراق لە میدیا جیهانییەكان و بەرەوپێشبردنی گەشتیاری كردەوە.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نۆنا ڕایگەیاند : هێشتا تازەم لە ئەركەكانم، بەڵام لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرس كۆبومەتەوە، لەنێویاندا سەرۆك وەزیران، كە بۆم دەركەوت تاكێكی پراگماتیك بێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی كاروباری بازرگانی نەك سیاسەت، ئاماژەی بەوەشكرد، خەڵكی ئەمڕۆ پێویستی بە سەركردەیەك هەیە كە واقیعی كار بكات نەك تەنها بە دروشم.
ڕوونیكردەوە : كە تەنها ئاوەدانكردنەوە بەس نییە، دابینكردنی هەلی كار و ئاسایش و دروستكردنی متمانە هۆكارێكی گرنگن بۆ گەڕانەوەی دانیشتووان، دووپاتیكردەوە كە هەوڵەكانی ئێستا جێگەی دەستخۆشین، بەڵام ئەم مەرجە جەوهەریانە پێویستە جێبەجێ بكرێن، سەبارەت بە سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، نۆنا ئاماژەی بەوەدا : كە نوێنەرایەتی هەنگاوێكی بوێرانە دەكات بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و تەندروستی ئەو كاتە، هەروەها بەشداری كردووە لە بەهێزكردنی گفتوگۆ و كراوەیی لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا، داوای بەكارهێنانی ئەم ئەزموونە بۆ چەسپاندنی كلتوری بەریەككەوتن لەگەڵ ئەوانی دیكە كرد.
جەختیشی لە گرنگی كاركردن بۆ باشتركردنی وێنەی عێراق لە میدیا نێودەوڵەتییەكاندا كردەوە، بەوپێیەی زۆرێك لە تێڕوانینە باوەكان گوزارشت لە دۆخی ئەمنیی سەقامگیری ناو وڵات ناكەن، ڕوونیشیكردەوە : عێراق گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش پێویستی بە بەرەوپێشبردنی وەك شوێنێكی گەشتیاری هەیە، بەتایبەت كە ناوچەكانی شوێنی شوێنەواری و ئاینی گرنگی لەخۆگرتووە بۆ سەردانكەرانی جۆراوجۆر.
لە كۆتاییدا وتی : دۆخی ئەمنی لە ناوخۆی عێراق تاڕادەیەكی زۆر سەقامگیرە، بە پێچەوانەی ئەوەی كە لە دەرەوەی وڵات پەرەی پێدەدرێت، هیوای خۆی دەربڕی كە خەڵكی زیاتر سەردانی عێراق بكەن بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان واقیعەكە ببینن.



