فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا چەندین درۆنی ئێرانیان لە گەرووی هورمز تێکشکاندووە، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان ئاماژە دەکەن بە نزیبوونەوەی ئەگەری ڕێککەوتن لە چەند کاتژمێری داهاتوودا.
فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا کۆتایی شەوی هەینی ڕایگەیاند، "ئێران چەندین درۆنی یەکسەرەی هێرشبەری هەڵدا بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی لە گەرووی هورمز دەپەڕینەوە."
فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا ئاماژەی دا بەوەی سوپای ئەمەریکا هەموو ئەو درۆنانەی لەناو بردووە "لە کاتێکدا هاتوچۆی کەشتیوانی بەبێ بەربەست بەردەوامە."
دەشڵێت، "ئەو ڕێڕەوە بازرگانییە نێودەوڵەتییە بۆ هاتوچۆ بە کراوەیی دەمێنێتەوە."
ڕۆژی شەممە ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند کەشتییەکی نەوت لەلایەن تەنێکی نەناسراوەوە لە بەندەری بۆوی عومان هێرشی کراوەتە سەر.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند هیچ زیانێکی مرۆیی لە هێرشەکەدا تۆمار نەکراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لێدوانە فەرمییەکان ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ئەگەری واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمەریکا و ئێران دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان شەهباز شەریف ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، "لە هەموو کاتێک زیاتر لە ڕێککەوتنی ئاشتی نزیک بووینەتەوە. بەو پێیەی کە پێدەچێت لە 24 کاتژمێری داهاتوودا کۆتایی پێبهێنرێت، پاکستان خۆی ئامادە دەکات بۆ واژۆکردنی ئەلیکترۆنی ڕێککەوتنی ئاشتی، دواتر هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر ئاستی تەکنیکی ئەنجام دەدرێت."
دوێنێ هەینی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس گوتی ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە پێشینەی ئامانجەکاندایە، ئنجا "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەوکات سوودە ئابوورییەکان بۆ ئەوان و هەموو ناوچەکە دەبێت."
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی ڕێککەوتنەکە دەتوانێت ناوچەکە دووبارە دابڕێژێتەوە و ببێتە هۆی بەدیهێنانی "ئاشتییەکی هەمیشەیی."
