سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئێوارەی هەینی ڕایگەیاند دەقی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەمەریکا و ئێران ڕەزامەندی لەسەر دراوە و کار لەسەر هەنگاوەکانی کۆتایی دەکرێت.
شەهباز شەریف ئاماژەی دا بە بڵاوبوونەوەی "زانیاری ناڕاست" لەسەر ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە و ڕایگەیاند، "هاوکات لەگەڵ هەوڵە زۆرەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری، ئێمە بە تەواوی ئاگاداری ئەو هەڵمەتەین لە بڵاوکردنەوەی زانیارییە هەڵە بەردەوامەکانی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ڕێککەوتنی ئاشتی تێکبدەن."
شەباز شەریف ڕاشیگەیاند، "لەگەڵ بەلاوەنانی ئەو ژاوەژاوە، ئێمە دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە دەقی کۆتایی و ڕێککەوتن-لەسەر-کراوی ئاشتی بەئەنجام گەیشتووە و ئێستا پاکستان لە نزیکەوە لەگەڵ هەردوو لایەن کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە هەنگاوەکانی داهاتوو."
ڕاشیگەیاند، "هەرگیز وەک ئێستا بەدیهێنانی ئاشتی نزیک نەبووەتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی هەینی بە کاتی واشنتن سەرۆک ترامپ بێزاری توندی بەرامبەر بە بڵاوکردنەوەی "زانیاری ناراست" لەلایەن ئێرانەوە دەربڕی و بەرپرسانی ئێرانی بە "بێ ئابڕوو" ناوبرد کە "مامەڵەکردن لەگەڵیان بە نییەتێکی باشەوە ئەستەمە."
دوای هەڵوێستەکەی ترامپ، وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی ڕایگەیاند "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" هیچ کات وەک ئێستا نزیک نەبووە لە واژۆکردنی و داوای لە میدیاکان کرد زانیاری لەسەر بنەمای بۆچوون بڵاونەکەنەوە.
دواتر سەرۆکی ئەمەریکا وێنەیەکی ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس هاوبەش کرد.


