وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سوپای وڵاتەکەی لە لوبنان و سوریا و کەرتی غەززە ناکشێتەوە.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، ڕایگەیاند، "ئیسرائیل لە ناوچە ئاشایشییەکان لە لوبنان و سوریا و غەززە ناکشێتەوە. هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە سنوورەکانمان و هاووڵاتیانمان لەسەر چیای هێرمۆن و چیاکانی لوبنان و خاکەکانمان لە ناوچەی سامریا و زۆربەی غەززە."
کاتز ئاماژەی دا بەوەی هەڵوێستەکە لە چوارچێوەی بەرگریکردنی ئیسرائیلدایە دژ بە هەڕەشەی گرووپە جیهادییەکان.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران ئاماژەی دا بە هێزی بەرگری وڵاتەکەی لەوەی "دەتوانین بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕێگری لە ئێران بکەین لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی."
کاتز هەڕەشەی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ ناوچەی زیاتر تر کرد و جەختی کردەوە بنچینەی تێڕوانینی ئاسایشی ئیسرائیل بریتییە لەوەی "دژی مەترسییە نزیک و دوورەکان دەوەستینەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی ئەنجامی یەکلاکەرەوە دەدەین نەک سازش و ملدان."

