ماڵپەڕی ئەکسیوس بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، راپۆرتێکی لەسەر بەندە سەرەکییەکانی لێکتێگەیشتنێکی ئەگەری نێوان ئەمەریکا و ئێران بڵاو کردووەتەوە.

بە گوێرەی ئەم راپۆرتە، ئەگەر یادداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی واژۆ بکرێت، تەنگەی هورمز دەستبەجێ و بە بێ هیچ جۆرە وەرگرتنی سەرانە دەکرێتەوە و لە بەرامبەردا سزاکانی سەر تاران بە پێی پابەندبوونی بە ڕێککەوتنەکەوە، بە شێوەی قۆناخ بە قۆناخ، کەم دەکرێنەوە.

ماڵپەڕی ئەکسیوس لە زاری دیپلۆماتێکی وڵاتانی نێوندگیر و بەرپرسێکی ئەمەریکایی نووسیویەتی ئەم یادداشتەی لێکتێگەیشتنە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ درێژ دەکاتەوە و لە ماوەیەشدا گفتوگۆکانی ناوەکی بەڕێوە دەچن. بە گوێرەی راپۆرتەکە ئاگربەستە 60 رۆژەکە لوبنانیش دەگرێتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەقی ڕێککەوتنەکە هەروەها چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێت، بەڵام هەر هەنگاوێک سەبارەت بە بەرنامەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی مەرجدارە بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دووەم کە وردەکاریی زیاتر لەخۆ دەگرێت.

دیپلۆماتێک لە وڵاتانی نێوەندگیر کە دەقە کۆتاییەکەی بۆ ئەکسیۆس ڕوونکردوەتەوە، دەڵێت "ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لەسەر دەقی ڕێککەوتنێک گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن." بەڵام جەختی کردەوە ئەم ڕێککەوتنە هێشتا پێویستی بە پەسەندکردنی کۆتایی هەیە.

بەپێی دوو سەرچاوەی ئاگادار، تا ئێوارەی پێنجشەممە ئەم ڕێککەوتنە لە ئاستە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرابوو، بەڵام هێشتا پەسەندی کۆتایی لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، موجتەبا خامەنەیی، وەرنەگرتووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە وتی چاوەڕێی ئەوە دەکات مەراسیمی واژوکردنی ڕێککەوتنەکە لە کۆتایی هەفتەدا ئەنجام بدرێت.

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند تاران "هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە."