بەغداد - INA

وەزیری دارایی فالح ساري، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیکردەوە: کە گۆڕانکاری بەرەو بودجەی پڕۆگرامەکان و ئەنجامەکان کارەکتەرێکی لەپێشینەی بنەڕەتییە لە قۆناغی داهاتوودا.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی داراییدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێرداوە، هاتووە: "وەزیری دارایی فالح ساري، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دەستەی ڕاوێژکاری کرد بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت، ڕاوێژکاران، و بەڕێوەبەرانی گشتی؛ بە مەبەستی تاوتوێکردنی کارە لەپێشینەکانی کارکردن لە قۆناغی داهاتوودا و بەدواداچوونکردنی چەندین دۆسیەی دارایی، کارگێڕی و خزمەتگوزاری".

وەزیر بەپێی بەیاننامەکە جەختیکردەوە: کە "وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ڕێڕەوێکی چاکسازی کە پشت بە کارە لەپێشینە ڕوونەکان دەبەستێت، لە پێشەنگیاندا بەئەلەکترۆنیکردنی سیستەمە دارایی، باج و گومرگییەکان؛ بەهۆی ئەو گرنگییەی کە هەیانە لە ئاسانکاری ڕێکارەکان، بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان، کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و بەهێزکردنی چاودێری، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی بەڕێوەبردنێکی دارایی کارامەتر و شەفافتر".

ساري تەئكیدیشیكردەوە: کە "گۆڕانکاری بەرەو بودجەی پڕۆگرامەکان و ئەنجامەکان کارەکتەرێکی لەپێشینەی بنەڕەتییە لە قۆناغی داهاتوودا؛ چونکە هەنگاوێکی ستراتیژییە کە خەرجییەکانی حکومەت بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە دەبەستێتەوە، و بەشدار دەبێت لە ئاراستەکردنی سەرچاوەکان بەرەو ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئاستەنگە داراییەکانی ئێستا و ئەو گۆڕانکارییانەی کە پەیوەستن بە بازاڕەکانی وزە و داهاتی گشتییەوە".

بەیاننامەکە لە درێژەدا دەڵێت: "دەستەی ڕاوێژکاری باسی لە چەندین دۆسیەی کارگێڕی و خزمەتگوزاری کرد، لە پێشەنگیاندا دۆسیەی تەرخانکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی وەزارەت، کە تێیدا وەزیر ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بە یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە و بەدواداچوونکردنی بە شێوەیەکی جدی، و خێراکردنی ڕێکارەکانی بەبێ دواکەوتن یان خاوخلیچکی".

ساري جەختیکردەوە: کە "گرنگیدان بە مافەکانی فەرمانبەران بەشێکی بنەڕەتییە لە سەقامگیری ژینگەی کار"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو فەرمانبەرەی ئەرکەکانی بە دڵسۆزییەوە ئەنجام دەدات و بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانی هەڵدەگرێت، شایستەی پشتگیرییەکە کە سەقامگیری خێزانی و وەزیفی بۆ دابین بکات، لە پێشەنگی ئەوانەشدا دابینکردنی نیشتەجێبوونی گونجاوە".