بەغداد – INA
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داخستنی دوو کارگەی سەرپێچیکاری مەرجە تەندروستییەکانی و دەستبەسەرداگرتنی ماددەی خۆراکی بەسەرچووی لە هەردوو بەری کەرخ و ڕەسافە ڕاگەیاند.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لە چوارچێوەی ڕێکارە پێشوەختەکان کە گیراونەتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان و بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هێزەکانی هەردوو فیرقەی (پیادەی حەڤدەیەم، یەکەم پۆلیسی فیدراڵی) بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پشتگیری و پاڵپشتیکردن بۆ مەفرەزەکانی (دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی ئابووری) بۆ پشکنیین و بەدواداچوونی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ماددە خۆراکییەکان و دوکانە بازرگانییەکان لە بازاڕە میللییەکاندا".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هەڵمەتی پشکنینەکە بووەتە هۆی داخستنی "دوو کارگە" بۆ بەرهەمهێنانی هەردوو ماددەی (زاهی، چپس) کە سەرپێچی مەرج و ڕێساکانی تەندروستییان کردووە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ماددەی خۆراکی نەشیاو بۆ خواردنی مرۆڤ لە چەند دوکانێکدا و لەناوبردنیان بەپێی کۆنووسی فەرمی لەناوبردن و بە ئامادەبوونی خاوەنەکانیان، ئەمەش لە ناوچەکانی (ناحیەی ڕەشید، گەڕەکی سەفا _لە قەزای مەحموودیە، کەمالییە) لە هەردوو بەری کەرخ و ڕەسافە".


