فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم بانگەشەکانی هەندێک لە میدیاکانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا لە تەنگەی هورمز.

سێنتکۆم لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بەئامانجکردنی کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکایی ڕاست نین و هیچ کام لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا لێیان نەدراوە و هێرشیان نەکراوەتە سەر.

لە پەیامەکەی سێنتکۆمدا هاتووە "بانگەشە: دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئێران هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکایی لە تەنگەی هورمز. درۆ. ڕاستییەکە: هیچ کام لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا نەکراونەتە ئامانج."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هەروەها لە پۆستێکی دیکەدا ئەو هەواڵانەی کە باس لە داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەکەن، ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ڕاست نین و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێشتا کەشتییە بازرگانییەکان بەم ڕێڕەوی ئاوییە ستراتیجییە تێدەپەڕن و هاتوچۆی دەریایی بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.

ئەم ڕاگەیاندنی سێنتکۆمە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی کەنداو و تەنگەی هورمز بەردەوامن و ڕاپۆرتی دژبەیەک لە لایەن لایەنە جیاوازەکانەوە سەبارەت بە پێشهاتەکان بڵاو دەکرێنەوە.