بەپێی ڕاگەیاندنێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد، جاشوا هاریس سەرپەرشتیاری کاروباری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لەگەڵ فالح ئەلساری، وەزیری دارایی عێراق، کۆبووەتەوە.
بە پێی ئەم راگەیێندراوە کە لە سەر هەژماری ئێکسی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق بڵاو کراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لايەن باسیان لە بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنەی ئابووریی کردووە و ئەو هاوکارییەیان لە بەرژەوەدنی هەردوو وڵات لەقەڵەم داوە.
هاریس جەختی لەوە کردەوە کە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و پسپۆڕییانەوە دەتوانن سوودێکی بەرچاو بە عێراق و هاووڵاتیانی بگەیەنن و بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ هەردوو لایەن بڕەخسێنن.
ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق و پشتگیری لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و چاکسازی لە وڵاتەکە. وەزیری دارایی عێراقیش ئەم هاوکارییانەی بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی عێراق و زیادکردنی هەلی کار و وەبەرهێنان گرنگ نرخاند. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە هەردوو وڵات هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی ئابووریی، وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیا بەهێزتر بکەن.



