بەدواداچوون – INA
کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە تاوتوێی هەڵسەنگاندنەوەی دۆسیەی دانوستانەکان دەکات لە دوای هێرشە ئەمریکییەکە بۆ سەر باشووری وڵاتەکە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو بە بەهێزترین شێوە لە مەیدانی جەنگدا وەڵامی دوژمنمان دایەوە و تواناکانی خۆمان نیشان دا، ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە لەوپەڕی ئامادەییداین بۆ بەرەوڕووبوونەوەی هەر کارێکی دوژمنکارانەی تر.
وتیشی: لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕووداوانەی شەوی ڕابردوو ڕوویاندا، پێویستە هەڵسەنگاندنەوە بۆ بارودۆخی ئێستا و میکانیزمی بەردەوامبوونی پرۆسەی دانوستانەکان بکەین, جەختیشی کردەوە کە سیاسەتی دەرەوە و هێزی سەربازیی ئێران تەواوکەری یەکترن.
هەروەها وتی: دیپلۆماسی و مەیدانی جەنگ دوو شتی لەیەک جیاواز نین، بەڵکو پێکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترن، هەردووکیان ئامرازی سەرەکین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی دیپلۆماسی ناتوانێت لە بۆشاییدا سەرکەوتوو بێت، بەڵکو پێویستی بە کەمترین کەشوهەوای گونجاو هەیە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گۆڕینی بەردەوامی هەڵوێست و داواکارییەکانی، زیان بە پرۆسەی دیپلۆماسی دەگەیەنێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا -شەوی چوارشەممە- هێرشێکی ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە ئەمە وەک وەڵامێک بووە بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری AH-64 Apacheی سەر بە سوپای ئەمریکا لەسەر گەرووی هورمز، لە بەرامبەردا بارەگای ناوەندیی "خاتەم ولئەنبیا" ڕایگەیاند کە سوپای ئێران و سوپای پاسداران چەند بنکەیەکی ئەمریکییان لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران.


