بەغدا - INA

وەزارەتی داد، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستپێکردنی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی لە فەرمانگەی دادنووسی تارمییە ڕاگەیاند.

ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە بۆئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: وەزارەت دەستی کردووە بە کارپێکردنی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان لە فەرمانگەی دادنووسی تارمییە لە بەغدا، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە دادییەکان و نوێکردنەوەی ژینگەی کارکردن، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە ئاسانکردنی ڕێکارەکان و خێراکردنی تەواوکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دادنووسەکان، یوسف حەوێز خورشید، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە وتی: دەستپێکردنی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان لە فەرمانگەی دادنووسی تارمییە، لەسەر ڕاسپاردەی خالید شوانی، وەزیری داد بووە، کە ئامانجی بەهێزکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵییە لە دامەزراوە دادییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن.

زیادی کرد: پەیڕەوکردنی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردن یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێکخستنی بەڕێوەچوونی کارەکان و کەمکردنەوەی کات و هەوڵ بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان، جگە لە بەهێزکردنی وردی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی ڕۆتینی کارگێڕی، کە ئەمەش بە ئەرێنی ڕەنگ دەداتەوە لەسەر جۆری خزمەتگوزارییە دادییەکان.

هەروەها وتیشی: ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتە بۆ فراوانکردنی مەودای خزمەتگوزارییە دادییەکان، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر سەردانیکەران و دابینکردنی ژینگەیەکی کارکردنی کارامەتر و ئاسانتر .