باراک ڕاڤید، پەیامنێری ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکایی لە هەژماری خۆی لە ئێکس ڕایگەیاندووە شەپۆلی دووەمی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران لە ئارادایە و ئامانجە سەرەکییەکانیش سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕادارەکانی ئێرانە.

ئەم هەواڵە دوای چەند کاتژمێرێک لەوە دێت کە ئەمەریکا لە کاردانەوە بە خستەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی ئەمەریکایی لە نزیک تەنگەی هورمز هێرشی کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران. پێشتریش بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندبوو لە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەندین سیستەمی بەرگری ئاسمانی و ڕاداری لە دەوروبەری تەنگەی هورمز کراوەتە ئامانج.

میدیاکانی حکومەتی ئێران بڵاویان کردەوە کە دوورگەی قشم کراوەتە ئامانج و پشتڕاست کرایەوە کە موشەکێک بەر بەندەری سیریک کەوتووە. هەروەها هەواڵی تەقینەوە لە بەندەر عەباس و دەوروبەری جاسک لە نزیک شوێنی چوونە ژوورەوەی تەنگەی هورمز بڵاوکرایەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکەی بە وەڵامێکی بەهێز بۆ کردەوەکانی ئێران ناودێر کرد. لە بەرامبەردا کاربەدەستانی ئێران هۆشدارییان داوە هەر هێرشێک یان هەڕەشەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامی بێ وەڵام نابێت.