لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیال یان یارییەکانی جامی جیهانی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەمەریکا پلانی ئاسایشی بەرفراوانیان بۆ ئەم چالاکییە وەرزشییە گەورەیە گرتووەتەبەر.
بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن تیمەکانی تاکتیکی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە 11 شاری ئەمەریکا کە میوانداری یارییەکان دەکەن، جێگیر دەکرێن، چونکە پاڵەوانێتییەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکات و یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکان لە مێژووی ئەمەریکادا.
بەڕێوەبەری گشتیی ئێف بی ئای، کاش پاتێڵ، لە ڕۆژی یەکشەممەدا ڕایگەیاند دامەزراوەکەیان چەند تیمێکی تایبەتی ئامادە کردووە. تیمەکان بریتین لە تیمی وەڵامدانەوەی خێرا، ڕزگارکردنی بە بارمتەگیراوان، پوچەڵکردنەوەی بۆمب، هەواڵگری، دژەدرۆن، بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و هەروەها یەکە هاوکارییەکانی سوپا کە بە سوات ناسراون. ئامانجی سەرەکییان پاراستنی یاریزانان، هاندەران و گەشتیارانە لە ماوەی 39 ڕۆژدا کە یارییەکانی جامی جیهانی بەڕێوە دەچن.
هەروەها ڕایگەیاند کە ئەم یەکانە بۆ ماوەی چەند مانگێک ڕاهێنانی پێویستیان پێ کراوە و ئامادەن بۆ هەماهەنگیی تەواو. ئەمەش لە پێناو یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە وەرزشییەکان لە مێژووی ئەمەریکادا.
پاتێل ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت ''هەموو کەلوپەلێکی پێویستیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا لە ئەگەری هەبوونی هەر ڕووداوێکدا لە هەر کاتێکدا بەبێ هیچ هەڵەیەک. ئێمە ئامادەین بۆ هەر پێشهاتێک.''
لە کۆی 104 یاری، 78 یاری لە ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن.
ئەندرۆ گویلیانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تیمی تایبەت بە جامی جیهانی 2026 لە کۆشکی سپی بە فۆکس نیوزی گوت: ''ئەمە ڕووداوێکی وەکوو 78 سوپەر بۆڵ دەبێت، هەم لە ڕووی ئاساییشی وشکانییەوە هەم لە ڕووی دروستکردنی ناوچەی دژەفڕینەوە.''
ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدڕالیی ئەمەریکا هەر درۆنێک لە ناوچەی ''دژەفڕینی درۆنەکان'' لە ئاسمانی بۆنەکانی جامی جیهانی دەکاتە ئامانج و پێبژاردنی بەکارهێنەرانی درۆنیش لە ناوچە قەدەغەکراوەکان دەگاتە 100.000$، زیندانیکردن و دەستبەسەرداگرتنی درۆنەکە.
دامەزراوەی ئێف بی ئای لە شاری داڵاسی تەکساس ڕایگەیاندووە کە ''بەکارهێنانی مەترسیدار و نەشیاوی درۆن لەو ماوەیەدا مەترسی فیزیکی بۆ سەر خەڵک لەسەر زەوی دروست دەکات،'' لە ڕۆژی 28ی مانگی پێنجیشدا ڕایانگەیاندبوو کە یاریگای ئەی تی تی لە ئارلینگتن میوانداری نۆ یاری دەکات، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە بە بەراورد بە یاریگاکانی دیکە.
ئەتڵانتا میوانداری هەشت یاری دەکات، ئێف بی ئای دەڵێت کە لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارەدا بۆ ماوەی هەژدە مانگە لە پەیوەندیدان بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە هەموو یارییەکان و هەموو هاندەران لە تەواوی کاتی بۆنەکاندا سەلامەت دەبن.
شارەداری شاری سیاتڵ کەیتی ویڵسن لە ڕاگەیاندراوێکی شارەوەنییەکەیدا دەڵێت ''شتێکی تایبەت نییە بەڵام دەکرێت مەترسی ئاساییشی لە کاتی یارییەکاندا دروست بێت،'' هەروەها ڕایگەیاند کە 22 کامێرای چاودێریی نوێیان لە دەورەوبەری یاریگادا چالاک کردووە کە تایبەتن بەم بۆنەیە. لەم کارەشدا ڕەچاوی تایبەتمەندییە کەسییەکان و ئازادیی مەدەنییان کردووە.
بۆ پشتگیریکردن لە ئاساییشی یارییەکان، ساڵی ڕابردوو دەزگای بەڕێوەبردنی فریاگوزارییە فیدڕالییەکان بودجەیەکی 625$ی بۆ یازدە شاری میواندار تەرخان کرد.
دەزگای گومرگ و پاراستنی سنوورەکان ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەمانگی دەکەن لە پێناو ئاسانکاری بۆ هاتن و چوونی یاریزانان، بەرپرسان، هاندەران و گەشتیاران بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی گشتی.
ڕێوشوێنی ئاساییشی دیکەش گیراونەتە بەر بۆ نموونە یارمەتیدانی هاندەران و پاراستنیان لە ساختەچییەکان. ئێف بی ئای ڕایگەیاندووە کە ئەو وێبسایتانەیان دەستنیشان کردووە کە تیکتی ساختە بە خەڵک دەفرۆشن بە مەبەستی دەستکەوتنی زانیارییە کەسییەکانیان و هەژماری بانکەکانیان یان هەر جۆرە زیانێکی دیکە بۆ سەر بەکارهێنەران.
هەروەها ئێف بی ئای داوا لە هاندەران دەکات کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕیکلامەکاندا بکەن و کرتە لەسەر هەموو وێبسایتێک نەکەن. لەجیاتی ماڵپەڕی سەرەکیی فیفا FIFA.COM بەکار بێنن و وێبسایتە فەرمییەکان بەکار بهێنن نەک وێبسایتی گەڕانی گشتی.
لەگەڵ یاریگاکانی ئارلینگتن (داڵاس) و ئەتڵانتا، هەر یەک لە یاریگاکانی بۆستن، هیوستن، کانساس سیتی، لۆس ئەنجلس، مەیامی، نیویۆرک، نیوجێرسی، فیلادلفیا، سان فرانسیسکۆ بەی ئێریا و سیاتڵ میواداری یارییەکانی جامی جیهانی دەکەن.

