وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند کورد و کەمینە ئاینی و نەتەوەیییەکانی تر لەو وڵاتە "ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی قورس و ئامانجدار دەبنەوە."
وەزارەتی دەرەوە لە لێدوانەکەدا گوتی "ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک مافە کەلتووری، زمانی و سیاسییەکانی کوردەکان پێشێل دەکات و ئەمە وەک ئامرازێکی بە ئەنقەست بۆ کۆنترۆڵی سەەرەڕۆی خۆی بەکاردەهێنێت."
لە بەشێکی تری وەڵامەکەدا هاتووە حکومەتی ئێران "لە ناوخۆدا مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە سەرەکییەکان وەک ئازادی دەربڕین، کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ئازادی ئایین پشتگوێ خستوون"، و هەروەها بە بەکارهێنانی "دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و ئەشکەنجە" هەوڵ دەدات دژبەران و ناڕازییان بترسێنێت و دەنگیان کپ بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "ڕێژیمی ئێران گەورەترین پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤە لە جیهاندا" و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی "بە دڕندانەترین شێواز" خەڵکی ئێران سەرکوت دەکات.
لە لێدوانەکەدا هاتووە "کورد و کەمینەکانی تر لە ئێران بە شێوەیەکی تایبەت دەکرێنە ئامانجی سەرکوتکردن." وەزارەتەکە دەڵێت واشنگتن "بە بەردەوامی" پاڵپشتی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ئێرانییەکان، بە تایبەتی ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان وەک کورد، لە بەرامبەر "دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، پێشێلکارییە سیستەماتیکەکان و کردە دیکتاتۆرییەکانی ڕێژیم دەکات."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە بەردەوامی هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی فشاری ئەمنی و دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و هاووڵاتیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران.



