وەرزش – INA
یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ "فیفا" ناوی ئەو دەستە ناوبژیوانەی ئاشکرا کرد کە ڕاسپێردراون بۆ بەڕێوەبردنی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی (مۆندیال) 2026، کە دوو ڕۆژی دیکە، ڕۆژی پێنجشەممە، لە نێوان هەڵبژاردەکانی مەکسیک و ئەفریقای باشوور لەسەر یاریگای "ئەزتیکا" لە مەکسیکۆ سیتیی پایتەختی مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
ناوبژیوانانی بەڕازیلی، ویڵتۆن سامپایۆ، سەرکردایەتیی یارییەکە دەکات، بە هاوکاریی هاونیشتمانییەکانی: برۆنۆ پێرێز و برۆنۆ بۆشیلیا.
سامپایۆ خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەو پێیەی چەندین یاریی لە جامی جیهانیی 2022ی قەتەر بەڕێوەبردووە، هەروەها لە مۆندیالی 2018ی ڕووسیادا لە ناو تیمی ناوبژیوانانی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ (ڤار)دا بووە، کە تێیدا بۆ یەکەمجار تەکنەلۆژیای ڤار لە مۆندیالدا دەرکەوت.
پێشتر "فیفا" گەورەترین لیستی ناوبژیوانانی لە مێژووی یارییەکانی کۆتایی جامی جیهانیدا ڕاگەیاندبوو، کە 52 ناوبژیوانی سەرەکی و 88 ناوبژیوانی یاریدەدەر لەخۆدەگرێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی داهاتوو کە بۆ یەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت.
لەلایەکی دیکەوە، ناوبژیوانی سۆماڵی، عومەر عەبدولقادر عەرتەن لە لیستی کۆتاییدا نەبوو بەهۆی وەرنەگرتنی مۆڵەتی چوونە ناوەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەی بەربژێر بوو بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم ناوبژیوانی سۆماڵی لە مێژووی جامی جیهانیدا کە یارییەک بەڕێوەببات.
جێی ئاماژەیە، یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ بە شێوەیەکی ئاسایی، دوو یان سێ ڕۆژ پێش وادەی هەر یارییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالدا، ناوی ناوبژیوانە دیاریکراوەکان ڕادەگەیەنێت.

