بەغداد ـ INA
کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی کەرەستەکانی بیناسازی، کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی وەزارەتی بازرگانی، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستپێکردنی دەستپێشخەرییە نوێیەکەی بۆ فرۆشتنی کەرەستەکانی بیناسازی بە سیستمی قیستی ئاسانکاری بۆ سەرجەم کارمەندانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕاگەیاند.
ئەریج حوسێن جەمێلی، بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیاکە لە راگهیندراوهكه کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "کۆمپانیا بڕیاریداوە بە دەستپێکردنی دەستپێشخەرییە نوێیەکەی بۆ فرۆشتنی کەرەستەکانی بیناسازی بە سیستمی قیستی ئاسانکاری بۆ سەرجەم کارمەندانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی دیدگای کۆمپانیاکەدایە بۆ بەتواناکردنی هاوڵاتیان لە بەدەستهێنانی پێداویستییەکانی بیناسازی کە خاوەن سەرچاوەی جیهانیی باوەڕپێکراون، و بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی وەزیری بازرگانی، مستەفا نزار عانی دێت."
وتیشی: "ئەم دەستپێشخەرییە بە نرخگەلێکی ڕکابەری بەراورد بە نرخەکانی بازاڕی ناوخۆیی دێت"، ئاماژەی بە "تایبەتمەندییەکی ناوازە لەم دەستپێشخەرییەدا کرد، کە تێیدا کەرەستەکانی بیناسازی بە سیستمی قیست و بە هەمان نرخی نەختینەیی (کاش) دەفرۆشرێن، بەبێ زیادکردنی چ جۆرە سوودێک (فایز) یان بڕە پارەیەکی زیادە لەسەر بەهای گشتیی کەرەستەکان، ئەمەش وەک بەشدارییەک لەلایەن کۆمپانیاکەوە بۆ پاڵپشتیکردنی فەرمانبەری عێراقی و ئاسانکاری لە پرۆسەی بیناسازی و نۆژەنکردنەوەدا."
ڕوونیشیکردەوە، کە "ئیدارەی کۆمپانیاکە میکانیزمێکی کارگێڕی و یاسایی نەرم و ئاسانی داناوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی قیستەکە، بە شێوەیەک کە ڕەوانیی کار و خێرایی لە جێبەجێکردندا مسۆگەر بکات، لەگەڵ پاراستنی تەواوی ماڵی گشتی و گەرەنتییکردنی مافەکانی کۆمپانیا، ئەمەش ڕێگە بە فەرمانبەران دەدات بەبێ ئاڵۆزیی ڕۆتینی سوود لەم خزمەتگوزارییە وەربگرن."
بەپێی راگهیندراوی، کۆمپانیاکە داوای لە "سەرجەم ئەو کەسانە کردووە کە ئارەزووی سوودمەندبوون لەم دەستپێشخەرییەیان هەیە، سەردانی لکەکانی بکەن کە لە پارێزگاکاندا بڵاوبوونەتەوە، یان سەردانی بەشەکانی فرۆشتن لە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیاکە بکەن بۆ بینینی لیستی ئەو کاڵایانەی بەردەستن و ئاشنابوون بە ڕێساکان و میکانیزمە پەسەندکراوەکان."
