جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەنجامدانی ڕێککەوتننامەیەکی درێژخایەن لەسەر پرسی ناوەکی ئێران لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە، ئەگەرچی "ڕەنگە ئیسرائیل ئەمەی پێ خۆش نەبێت."
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "ئاشکرایە کە ئیسرائیلییەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرژەوەندی هاوبەشیان زۆرە. بەڵام ئێمە هەندێک بارودۆخیشمان هەیە کە بەرژەوەندییەکان بە ئاراستەی پێچەوانە لەیەکتر دەڕۆن."
ڤانس ئێوارەی دووشەممە بە کاتی واشنتن ئەمەی بە تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز ڕاگەیاند، کاتێک پەیامنێری تەلەفزیۆنەکە پرسیارێکی ئاراستە کرد سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو بەرامبەر بە هەواڵی سیخوڕی ئیسرائیل بەسەر حکومەتی ئەمەریکاوە.
ڤانس ڕایگەیاند، "پێم وایە سەرۆک لەسەر ئەم بابەتە هەڵوێستی ڕوون بووە؛ لە کاتێکدا ئیسرائیل ئامانجی خۆی هەیە، ئامانجی ئەمەریکا دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئێران نەبێتە خاوەن چەکی ناوەکی. لە ڕاستیدا بەهۆی ئەو ڕووداوانەی لە ساڵ و نیوی ڕابردووەوە هاتوونەتە ئاراوە، سەرۆک پێی وایە، منیش لەگەڵی هاوڕام، کە ئێستا ئەو زەمینە پێویستەمان ڕەخساندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەیەکی درێژخایەن سەبارەت بە پرسی ناوەکی ئێران."
ڤانس جەختی کردەوە لەوەی "ئیسرائیل ڕەنگە ئەمەی پێ خۆش بێت و ڕەنگە ئەمەی پێ خۆش نەبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە شتێکە لە باشترین بەرژەوەندی ئەمەریکادایە و کاری بۆ دەکەین، چونکە ئەمە ئەو شتەیە کە سەرۆکی ئەمەریکا بۆی هەڵبژێردرا، وە ئێمە دەبێت ئەوە بکەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی ئەمەریکا."
هەڵوێستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە دەزگا هەواڵییەکانی ئەمەریکا چەند ڕۆژێکە ئاماژە دەکەن بە "نیگەرانییە زۆرەکان" لەناو وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی سیخوڕی ئیسرائیل بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکاوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئێن بی سی نیوز، حکومەتی ئیسرائیل چالاکییە سیخوڕییەکانی زیاد کردووە بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بەو گفتوگۆ داخراوانەی لە واشنتن دەکرێن سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ئێران و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


