فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند هەردوو سەرنشینی هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی کە لە نزیک کەناراوەکانی عومان کەوتووەتە خوارەوە، ڕزگارکراون و تا ئێستاش هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

لە بەیاننامەکەی سێنتکۆمدا هاتووە هێلیکۆپتەری جۆری ئەی ئێچ 64 لە کاتژمێر 7:33 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا لە کاتی دەوریەدا لە نزیک کەناراوەکانی عومان کەوتووەتە خوارەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ڕزگارکردنی ئەو دوو کارمەندەی هەلیکۆپتەرەکە "نزیکەی دوو کاتژمێر" دوای ڕووداوەکە سەرکەوتوو بووە و ڕاپۆرتەکان دەڵێن باری جەستەیییان "جێگیرە".

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، تا ئێستاش هۆکاری ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند هەلیکۆپتەرێکی هێرشبەری ئاپاچی سوپای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 8ی مانگی شەش لە نزیک تەنگەی هورمز کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام دوو سەرنشینەکەی بە سەلامەتی ڕزگار کراون.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا هەلیکۆپتەرەکە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە، یان تووشی کێشەیەکی تەکنیکی بووە، یان ڕووبەڕووی گرفتێکی دیکە بووەتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکاش هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمەریکا ڕاپۆرتێک لەسەر ڕووداوەکە ئەمڕۆ بڵاودەکاتەوە.