بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی، تۆمارکردنی 145 تووشبوونی پشتڕاستکراوە و 9 گیانلەدەستدانی بە تای خوێنبەربوون لە سەرەتای ساڵەوە ڕاگەیاند، هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی ڕێکارە خۆپارێزی، دەستنیشانکاری و چارەسەرییەکانی کردەوە.
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی تەندروستی سەیف بەدر، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "وەزارەت بە شێوەیەکی ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ دۆخی پەتاکە و نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی تیمەکانی چاودێریی پەتاکان و دامەزراوە تەندروستییەکانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ڤێتێرنەری و چاودێرییە تایبەتمەندەکاندا".
بەدر ڕوونی کردەوە کە "دۆخی پەتاکە بۆ هەفتەی (23)ی ساڵی ئێستای 2026، تۆمارکردنی 40 تووشبوونی پشتڕاستکراوەی تاقیگەیی و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەخۆیەوە بینیوە کە بەم شێوەیە دابەشبوون: پارێزگای زیقار (21 تووشبوون)، میسان (دوو تووشبوون)، بەغدا/ڕەسافە، دیالە و بابیل (یەک تووشبوون بۆ هەر پارێزگایەک)، پارێزگای واسیت (دوو تووشبوون)، بەسرا (3 تووشبوون و یەک گیانلەدەستدان)، موسەنا (6 تووشبوون)، نەینەوا (یەک تووشبوون) و سەڵاحەددین (دوو تووشبوون)".
ئاماژەی بەوەشکرد کە، "کۆی گشتیی ئامارەکان لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە گەیشتووەتە 145 تووشبوونی پشتڕاستکراوەی تاقیگەیی و 9 حاڵەتی گیانلەدەستدان، کە بەسەر پارێزگاکاندا بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشبوون:
* زیقار: 74 تووشبوون و 6 حاڵەتی گیانلەدەستدان
* موسەنا: 18 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* میسان: 9 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* دیالە: 8 تووشبوون و 1 حاڵەتی گیانلەدەستدان
* بابیل: 7 تووشبوون و 1 حاڵەتی گیانلەدەستدان
* واسیت: 7 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* بەسرا: 6 تووشبوون و 1 حاڵەتی گیانلەدەستدان
* بەغدا/ڕەسافە: 3 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* نەینەوا: 3 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* کەربەلای پیرۆز: 2 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* بەغدا/کەرخ: 2 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* سەڵاحەددین: 2 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* دیوانییە: 1 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* کەرکوک: 1 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* ئەنبار: 1 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
* نەجەفی پیرۆز: 1 تووشبوون بێ حاڵەتی گیانلەدەستدان
لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "وەزارەت بەردەوامە لە ئەنجامدانی کەمپینەکانی هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیریی تەندروستی، لە پاڵ بەهێزکردنی ڕێکارەکانی دۆزینەوەی پێشوەختە، دەستنیشانکردن و پێشکەشکردنی چارەسەر، کە دەرکەوتووە کاریگەریی زۆری هەیە ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغی پێشوەختەدا دەستنیشان بکرێت".
بەدر داوای لە "هاوڵاتیان کرد پابەندی ڕێکارە خۆپارێزییەکان بن بۆ کەمکردنەوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، کە گرنگترینیان بریتین لە: کڕینی گۆشت تەنها لەو کوشتارگانەی کە فەرمین و مۆڵەتی تەندروستییان هەیە، ڕێگریکردن لە لەوەڕاندن و سەربڕینی سەرپێچیانەی ئاژەڵ لە ناو گەڕەک و ناوچەکانی نیشتەجێبووندا، لەبەرکردنی دەستکێش و جلی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵان یان گۆشت و بەرهەم و پاشماوەکانیاندا، دژایەتیکردنی مێشوولە و گەنە (قڕکەر)ی گوێزەرەوەی نەخۆشییەکە، شوشتنی بەردەوامی دەستەکان و پاکژکردنەوەی ئەو ئامرازانەی بۆ گۆشت بەکاردێن، هەڵگرتنی گۆشت لە پلەی بەستنی زۆر نزمدا، و لێنانی گۆشتەکە لە پلەی گەرمیی زۆر بەرزدا و بۆ ماوەیەکی پێویست".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، سەرئێشە، ئازار لە ناوچە جیاجیاکانی لەش و بێهێزیی گشتی دەستپێدەکات، و ڕەنگە لە هەندێک حاڵەتدا پەرەبسەنێت بۆ نیشانەکانی خوێنبەربوونی ژێر پێست یان لە کونەکانی لەشەوە"، جەختیشی لەسەر گرنگیی سەردانیکردنی نزیکترین دامەزراوەی تەندروستی کردەوە توند بەدیارکەوتنی نیشانەکان، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵاندا هەیە وەک قەساب، ئاژەڵدار و بازرگانانی مەڕوماڵات.
دووپاتی کردەوە کە "ڕۆڵی وەزارەتی تەندروستی خۆی لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و پێشکەشکردنی چاودێریی تەندروستی دەبینێتەوە، لەگەڵ بەشێک لە کەمپینەکانی ڕۆشنبیری و هۆشیارکردنەوەی تەندروستی بە هاوبەشی لەگەڵ میدیا جیاوازەکاندا، لە کاتێکدا کە دژایەتیکردنی حەشەرەی گەنە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە تووشبووەکان و ڕێگریکردن لە لەوەڕاندن و سەربڕینی سەرپێچیانە، دەکەوێتە ئەستۆی لایەنەکانی دیکە لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لایەنە ئەمنییەکان و شارەوانییەکان".
بەدر دووبارە داوای لە هاوڵاتیان کردەوە کە زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، و هاوکاریی تیمە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان بکەن، بەو شێوەیەی کە بەشدار بێت لە پاراستنی تەندروستیی گشتی و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.
