بەغدا – INA – ویسام مەلا
ئەمڕۆ دووشەممە ، وەزیری ژینگە سروە عەبدولواحید، جەختی کردەوە لە دەرچوونی بڕیارێک لەلایەن وەزارەتەوە کە پێویستی دەکات سەرجەم مۆلیدە ئەهلی و حکومییەکان فلتەر دابنێن بۆ کەمکردنەوەی گازە بەرهەم هاتووەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە مۆڵەتی شەش مانگ دیاری کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێش گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران.
عەبدولواحید بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "وەزارەت بڕیارێکی دەرکردووە کە پابەندبوونی دابینکردنی فلتەر لەسەر سەرجەم مۆلیدە ئەهلی و حکومییەکان دەسەپێنێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی گازە بەرهەم هاتووەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد کە، "وەزارەت لیژنەیەکی بەدواداچوون پێکدەهێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی سەرجەم مۆلیدەکان، و لە حاڵەتی پابەندنەبوون بە دابینکردنی فلتەرەکان، سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێنرێت"، جەختیشی کردەوە کە "ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر کە سەرپێچی بڕیاری وەزارەتی ژینگە بکات، چ لایەنی تایبەت بن یان گشتی".
وەزیری ژینگە لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە ئێستاوە دەستپێدەکات و تا ماوەی 6 مانگ دیاری کراوە بۆ دابینکردنی فلتەر لەسەر سەرجەم مۆلیدە ئەهلی و حکومییەکان".



