دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، ئیسرائیل و ئێران بەدوای ئاگربەستی دەستبەجێدا دەگەڕێن، هاوکات دانوستانەکان بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتی فراوانتر، بەردەوامن.
ترامپ لە پۆستێکیدا لە تروث سۆشیاڵ گوتیشی "هەردوولا ئیسرائیل و ئێران هەوڵدەدەن ئاگربەستێکی دەستبەجێ ئەنجام بدەن." سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت دانوستانەکانی کۆتایی سەبارەت بە ئاشتی بەرەو پێشەوە دەڕوات " بە مەرجێک نەزانی یان گەمژەیی ڕێگەی پێنەگرێت."
ترامپ هەروەها ڕایگەیاندووە کە گەمارۆکان لە ئێستادا بە کاریگەری دەمێننەوە تا ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجام دەدرێت "پێویستە شتەکان بە خێرایی هەنگاو بنێن."
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە شەوی یەکشەممە و پاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا لە لوبنان، ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامیشدا ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ستراتیژی لە ئێران کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل هەروەها هێرشی کردە سەر دامەزراوەیەکی پترۆکیمیایی لە ئێران و سوپای پاسدارانیش ڕۆژی دووشەممە جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل.



