بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی دەستپاکی وردەکاریی سکاڵایەکی سزایی دژی پەرلەمانتارێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و سەندنەوەی پارە بە زۆر لە خاوەن پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان ئاشکرا کرد.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقیی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : ئەوەی لە هەندێک میدیا و سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا سەبارەت بەو سکاڵا سزاییەی لەبەردەم دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندیدا هەیە و باس کراوە، پەیوەندی بە هەڕەشەکردن لە خاوەن پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان و داواکردنی پارە هەیە.
دەستەکە جەخت دەکاتەوە کە مافی یاسایی و ئەرکی خۆی بەکارهێناوە لە سکاڵاکردن دژی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوەی زانیارییان پێ گەیشتووە کە دۆسیەیەک لەبەردەم دادگا هەیە پەیوەستە بەوەی ئەو پەرلەمانتارە هەڕەشەی لە خاوەنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کردووە و داوای کردووە (40%)ی پڕۆژەکە بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەی بکرێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی تۆمار بکرێت، جگە لە داواکردنی بڕە پارەیەک بە بڕی (500,000) پێنج سەد هەزار دۆلاری ئەمریکی.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کە سکاڵاکە لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە ئەو کەسەی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە دەستێوەردانی لە ڕێکارەکاندا کردووە کە پەیوەندییان بە کاری لایەنە فەرمییەکانەوە هەیە بێ ئەوەی هیچ پێگە یان دەسەڵاتێکی یاسایی هەبێت کە ڕێگەی پێ بدات، ئەمەش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی قسەی نابەجێ کە گوایە پەیوەندی و کاریگەریی لەسەر لایەنە فەرمییەکان هەیە، لەوانەش ئەم دەستەیە.
هەروەک دەستەکە لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا جەخت دەکاتەوە کە سەرجەم ڕێکارەکان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی دادوەریی یاساییدان، و یەکلاییکردنەوەی ڕووداوەکان و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و تاوانباری و دەرکردنی بڕیارەکان تەنها لە دەسەڵاتی دادوەریدایە، بەپێی بنەمای سەروەریی یاسا و گەرەنتییە دەستوورییەکان کە بۆ سەرجەم لایەنەکان مسۆگەر کراون.
لە کۆتاییدا دەستەکە ئەوە دەخاتەڕوو : کە بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی کە لە یاسای ژمارە (30ی ساڵی 2011)ی هەموارکراودا هاتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی ماڵی گشتی، و سووربوونی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی کارەکانی مامەڵەپێکردن،و هەڕەشەکردن و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەت.
دەستەکە داواشیکردوە وردبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیانەی لەبەردەم دادگادان، و هۆشداریشدەدا لە هەر دەنگۆیەکی ناڕاست سەبارەت بە پەیوەندییان بە دەستەکەوە یان کارمەندەکانیان، یان بەکارهێنانی ناویان بۆ کاریگەریدانان لەسەر ڕێکارە دادوەری یان کارگێڕییەکان یان تێکدانی ڕێڕەوی دادپەروەری.



