بەغدا - INA
دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کارپێکردنی سیستەمی چاودێریی ڕێگەوبان و سەرپێچییەکانی هاتوچۆی دا، جەختیشی کردەوە لە نایاساییبوونی وەرگرتنی بڕە پارەی زیادە لە سەرپێچیکاران وەک کرێی خزمەتگوزاری، چونکە بە ئاشکرا پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانە.
بەپێی بڕیاری دەرچوو لە دەستەی تێهەڵچوونەوە لە دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی لە ڕێکەوتی 28ی کانوونی دووەمی 2025، کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : ئەو گرێبەستەی لە ڕێکەوتی 21ی تشرینی یەکەمی 2018 واژۆ کراوە، بڕگەی لەخۆگرتووە کە پابەندبوون بە وەرگرتنی بڕی (12,000) دوازدە هەزار دینار لە ئەنجامدەری سەرپێچیی هاتوچۆ وەک کرێی خزمەتگوزاری پێشکەشکراو، ئەمەش بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای هاتوچۆ ژمارە 8ی ساڵی 2019 و یاسای هاتوچۆ ژمارە 86ی ساڵی 2004 دادەنرێت، چونکە ئەو یاسایانە میکانیزمی دیاریکراو و تایبەتیان بۆ وەرگرتنی غەرامەکان و ئەو لایەنانەی شایستەی وەرگرتنیانن دیاری کردووە.
دادگا لە هۆکارەکانی بڕیارەکەیدا ڕوونی کردۆتەوە کە وەرگرتنی بڕە پارەیەک کە بەپێی یاسا دیاری نەکراوە، یان سەپاندنی غەرامە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە، جەختیشی کردۆتەوە کە هیچ لایەنێک دەسەڵاتی سەپاندنی بڕە پارە یان کۆکردنەوە یان هەموارکردنی هەر غەرامەیەکی نییە مەگەر بەپێی یاسا دیاری کرابێت.
هەروەک دادگا جەختی کردەوە کە گرێبەستی بەتاڵ (هەڵوەشاو) فەسخکردنی بەدواوە نایەت و هیچ حوکمێکی قەرەبووکردنەوەی لەسەر بنیاد نانرێت، بۆیە دادگا بڕیاری پەسەندکردنی حوکمی پێشووی دا بە ڕەتکردنەوەی سکاڵای کۆمپانیا سکاڵاکارەکە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم بڕیارە دوای سەیرکردنی ئەو تانەیە هات کە لەلایەن "کۆمپانیای ڕاوێژکاری بۆ ئۆتۆماتیککردنی کار و سیستەمە سنووردارەکان" پێشکەش کرابوو دژی "سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی سندوقی شەهیدانی پۆلیس، کە تێیدا دادگای پێداچوونەوە حوکمی ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەی پەسەند کرد.



