بەغدا- INA- محەمەد تاڵبی
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، دامەزراندنی سیستمێكی زانیاریی یەكگرتووی بۆ بازاڕی كاری عێراق بە هاوكاری لەگەڵ چەند وەزارەت و لایەنێكی پەیوەندیدار پشتڕاستكردەوە. وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەدا كە سیستەمەكە هەموو پارێزگارەكان دەگرێتەوە و بەشداری دەكات لە ڕێكخستنی دامەزراندنە نافەرمیەكان و كەمكردنەوەی بێكاری و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە كاری بیانی.
هودا سەجاد یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە بەیاننامەیەكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند : دامەزراندنی سیستمی بازاڕی كار تەنها لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیدا سنوردار نییە، بەڵكو پێویستی بە یەكخستنی داتا هەیە لەنێوان چەند دامەزراوەیەكی حكومی، لەوانەش وەزارەتەكانی پلاندانان، تەندروستی، پەروەردە، و خوێندنی باڵا، هەروەها قەوارە پەیوەندیدارەكانی كەرتی تایبەت، بە ئامانجی بنیاتنانی داتابەیسێكی یەكگرتوو كە بەشدارە لە ڕێكخستنی بازاڕی كاری عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد : ژمارەی ئەو كرێكارانەی كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لە 600 هەزار تێناپەڕێت، لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆر كرێكار لە كەرتی نافەرمیدا هەن، ئەمە جگە لەوەی سودمەندانی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەكان كاردەكەن، ئەو ڕوونیكردەوە كە سیستەمی نوێ یارمەتیدەر دەبێت لە یەكخستنی داتاكان و ڕێكخستنی بارودۆخی كرێكاران و گەرەنتیكردنی مافەكانیان.
ڕوونیشیكردەوە : وەزارەت هەنگاوە سەرەتاییەكانی ئامادەكردنی سیستمی بازاڕی كار بە هاوكاری وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی خوێندنی باڵا، و ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كار، لە ڕێگەی لیژنەیەكی تەكنیكی تایبەتمەندەوە كار لەسەر پۆلێنكردنی پیشەكان و دەستنیشانكردنی پێداویستییە ڕاستەقینەكانی بازاڕ دەكات، ئاماژەی بەوەشكردووە، دەبێت بەرهەمە پەروەردەییەكان لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاڕی كاردا بگونجێت بە بەرزكردنەوەی توانا تەكنیكی و پیشەییەكانی پێویست.
جێگری وەزیر ئاماژەی بەوەدا : كە پلاتفۆرمی (مەهن) لە ئێستادا نزیكەی 1.8 ملیۆن كەس لەخۆدەگرێت و پێشبینی دەكرێت ئەم ژمارەیە لە نێوان 3.5 بۆ 4 ملیۆن كەس لەناو بنكەدراوەی بازاڕی كاردا بەرزبێتەوە، جەختی لەوە كردەوە كە بەستنەوەی داتاكانی پلاتفۆرمەكە بە دامەزراندن و ئاسایشی كۆمەڵایەتی بەشدار دەبێت لە ڕێكخستنی دامەزراندنە نافەرمیەكان و چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەی بێكاری.
ئاماژەی بەوەشكردووە : رێژەی بێكاری لە عێراق نزیكەی 13%یە، لەكاتێكدا خەمڵاندنەكان ئاماژە بە بوونی ژمارەیەكی زۆر لە كرێكاری بیانی دەكەن، كە هەندێكیان بەبێ مۆڵەتی كاركردن یان بە شێوەیەكی نایاسایی كاردەكەن، ئەو دووپاتی كردەوە كە ڕێكخستنی بازاڕی كار و هاوتەریبكردنی پسپۆڕییە پەروەردەییەكان لەگەڵ پێداویستییە ڕاستەقینەكان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلی كار بۆ عێراقییەكان و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە كارە بیانییەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد : سەركەوتنی پڕۆژەكە پێویستی بە بەستنەوەی داتابەیسەكانی سەرچاوە مرۆییەكان و ئامار و سەرژمێری دانیشتوان هەیە لە چوارچێوەی سیستەمێكی یەكگرتوودا، كە دیدێكی ستراتیژی ڕوون بۆ پێداویستییەكانی ئێستا و داهاتووی بازاڕی كار دابین دەكات.