بەغدا - INA

ئەمڕۆ هەینی ،دەستەی دەروازە سنوورییەکان ڕایگەیاند، زیاتر لە 18 هەزار حاجی بە ئاسانکارییەکی تەواوەوە لە ڕێگەی دەروازەی عەرعەرەوە گەڕێندراونەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەی دەروازە سنوورییەکاندا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە: لەسەر بنەمای دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ حاجیانی ماڵی خودا، عومەر عەدنان وائلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، لە یەکەم ڕۆژەوە بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتی پێشوازیکردن و گەڕاندنەوەی حاجیانی لە ڕێگەی دەروازەی عەرعەرەوە کردووە،و بەردەوام بوو لە چاودێریکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوەیان دوای تەواوکردنی فەریزەی حەج، کە کۆی گشتیی حاجیانی گەڕاوە بۆ وڵات گەیشتۆتە 18 هەزار و 746 حاجی، لەگەڵ نزیکەی 600 کەس لە ئەندامانی تیمی پزیشکی،و کارگێڕی و کارمەندانی خزمەتگوزاری کە یاوەری تیمی حەجی عێراقی بوون.

وائلی، ڕوونیشیکردەوە: کە پرۆسەی پێشوازیکردن و گەڕاندنەوە بە درێژایی 24 کاتژمێر و بۆ ماوەی چوار ڕۆژی بەردەوام بەڕێوەچوو، بەبێ هەبوونی هیچ ئاستەنگیەک یان دواکەوتنێک، ئەمەش بەهۆی هەماهەنگی هاوبەش و کاری تەواوکەری نێوان سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە پشتیوانەکان لە دەروازەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد : ئەم دەستکەوتە ئاستی ئامادەیی و ڕێکخستنی تەواوی کارمەندان نیشان دەدات، هەروەک ستایشی هەوڵەکانیان کرد لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی چوونەژوورەوەی حاجیان بۆ وڵات بە خێرایی و بە شێوازێکی رێکخراو.

وائلی،جەختی لەسەر بەردەوامبوونی دەستەکە کردەوە لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی حکومەت بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان، بەشێوەیەک کە گرەنتی جووڵەی ئاسان و دابینکردنی باشترین بارودۆخ بۆ پێشوازیکردن لە هاتووانی سنوورەکان بکات.