وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمڕۆ پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا گەشت دەکات بۆ فەرەنسا بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمێک کە 6ی مانگی شەش بە بۆنەی 82 ساڵەی ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی نۆرماندی کە بە دی دەی ناسراوە، بەڕێوەدەچێت.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ئامادەبوونی هێگسێت لەم مەراسیمەدا بە مەبەستی ڕێزگرتنە لە قوربانیدانی ئەو سەربازانەی کە لە کاتی داگیرکردنی نۆرماندی لە جەنگی جیهانی دووەمدا شەڕیان کردووە و گیانیان لەدەستداوە بۆ بەرگریکردن لە ئازادکردنی ئەورووپا لە ستەمکاری.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە بە بەشداریکردن لە یادی ئەم ڕووداوە مێژووییە، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕێز لەو "نیشتمانپەروەرە بوێرانە" دەگرێت کە لە کەناراوەکانی نۆرماندی بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی ئازادی لە ئەورووپا خەباتیان کردووە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە هێگسێت لە گەشتەکەیدا بۆ فەرەنسا لەگەڵ فرانسوا بایرۆ سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا و سێباستیان لێکۆرنو وەزیری هێزە چەکدارەکان کۆدەبێتەوە.

ئۆپەراسیۆنی مێژوویی نۆرماندی لە 6ی مانگی شەشی 1944 دەستی پێکردووە و بە خاڵی وەرچەرخان لە جەنگی جیهانی دووەمدا دادەنرێت ڕێگەی خۆشکرد بۆ ڕزگارکردنی ئەورووپای ڕۆژئاوا لەژێر داگیرکاری نازییەکاندا.