بەغدا - INA

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە گرنگی هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت کردەوە لە بواری بەبازاڕکردنی بەرهەمە نەوتییەکاندا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزاری بۆ وزە ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی ئەنجامدا و تێیدا پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێک بابەت و پرسی سەر کارنامەی خۆی کرد و ڕاسپاردەکانی تایبەت بە خۆی پەسەندکرد بۆ ئەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجومەنەکە تاوتوێی دۆخی وزە و ئەو گۆڕانکاریانەی کرد کە لە بازاڕە جیهانی و ناوچەییەکان ڕوودەدەن و کاریگەرییەکانیان لەسەر تواناکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق و ئەو زنجیرە ڕێوشوێن و هەنگاوانەی کە حکومەت دەیگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانە کە کاریگەرییان لەسەر ئابووری عێراق هەیە، هەروەها هەموو ئەو ڕێوشوێنانەیان خستەڕوو کە توانای هەناردەکردنی عێراق بەرز دەکەنەوە.

هەروەها ئەنجومەنەکە لە کۆبوونەوەکەیدا تاوتوێی پلانەکانی وەزارەتی نەوتی کرد بۆ هاریکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت لەچوارچێوەی کەرتی بەبازاڕکردن و پارامێتەری بازاڕی جیهانی و دۆخی عێراق لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئۆپێک و پێداویستییەکانی پابەندبوون بە بڕیارەکانی لە بواری پشک، لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕ، لە پێناو دەستەبەرکردنی زۆرترین داهات لە سەرچاوەکانی بەبازاڕکردنی سەرچاوەکانی نەوتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگی هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت کردەوە لە بواری بەبازاڕکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و بەردەوامبوونی دابینکردنی سووتەمەنی و کەرەستە پترۆڵییە سەرەتاییەکان بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی ڕێکخستنی نرخی ئەو بەرهەمە نەوتیانە کرا کە بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان دابینکراوە و ئەو کەرەستە نەوتییە سەرەکییانەی کە لە بەرهەمهێناندا بەکاردەهێنرێن، بە شێوەیەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدەستبهێنێت و هەلی کار بڕەخسێنێت و بەرهەمی پیشەسازیی کەرتی تایبەت زیاد بکات، جگە لە خستنەڕووی گرێبەستەکانی ئامادەکردن و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هەموو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ پاراستنی ئاستی دابینکردنی وزە و دڵنیابوون لە دابینکردنی وزەی کارەبای بەردەوام بۆ شار و قەزاکان