بەغداد – INA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدی، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەڵوێستی شێخ قەیس خەزعەلی و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بەهۆی ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی ڕێکارەکانی پچڕاندنی پەیوەندی و جیابوونەوەی ئەو پێکهاتانەیان کە لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا کاردەکەن.
سەرۆک وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه :"ستایش و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە دەکەین کە لەلایەن شێخ قەیس خەزعەلی و بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە گیراوەتەبەر بەهۆی ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی پرۆسەی جیابوونەوەی ئەو پێکهاتانەیان کە لەناو حەشدی شەعبیدا ڕێکخراون، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی، بەهێزکردنی ڕۆڵی هێزە چەکدارەکانمان بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە، و پشتگیریکردن لە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی گەلی عێراق."
سهرۆك وهزیران ئاماژهی بهوهیش كرد كه: "ئەم ئاراستەیە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دادەنرێت کە ڕێڕەوی بونیادنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا بەهێز دەکات، و پابەندبوون بە دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکان دووپات دەکاتەوە، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەروەری و جێگیرکردنی شکۆی دەوڵەت، و پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکانی کە بە قوربانیدانی سەرجەم عێراقییەکان بەدی هاتوون."
ڕوونیشی کردەوە کە: "ئەم هەنگاوە بە هەمان شێوە بەشدار دەبێت لە بسەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و جێبەجێکردنی یاسا، و دەستپێکردنی پڕۆژە گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکانی کە ڕۆڵەکانی گەلی بەڕێزمان چاوەڕوانی دەکەن، سەرڕای دابینکردنی ژینگەیەک کە تێیدا ئابووری نیشتمانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی گەشە بکات."
بەپێی راگهیندراوهكه – زەیدی داوای لە "سەرجەم هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان کرد بەردەوامی بدەن بە گفتوگۆ، هاوکاری و کارکردن بە ڕۆحی بەرپرسیارێتی نیشتمانی، و پێشخستنی بەرژەوەندیی عێراق بەسەر تەواوی ڕەچاوکردنەکانی دیکەدا، بە جۆرێک کە سەقامگیری بەهێز بکات و ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بکاتەوە".
