بەغداد – INA
سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازی لە هەڵوێست و هەنگاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کە پاڵپشتن بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، لە هەمان کاتدا پاڵپشتیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، شێخ قەیس خەزعەلی دووپاتکردەوە.
سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "پێشوازی لەو هەڵوێست و هەنگاوانە دەکەین کە لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتبوون، کە پاڵپشتن بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەروەرییەکەی".
ئامێدی ئاماژهی بۆ ئهوهیش كردووه كه : "هەروەها پێشوازی و پاڵپشتی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، شێخ قەیس خەزعەلی دەکەین، کە خۆی لە جیاکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتەکانی دەستەی حەشدی شەعبی و جەختکردنەوە لەسەر بنەمای مانهوهی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەبینێتەوە، بەشێوەیەک کە لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور و یاسادا بگونجێت و ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا بەهێز بکات".
ئامێدی جەختیشی کردەوە کە "هێز و شکۆی دەوڵەت لە دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانیدا ڕەنگدەداتەوە، و هەر هەنگاوێک کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی ئەمەدا، گوزارشتە لە چەسپاندنی بنیاتنانی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانیان، هاوكاته لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور، یاسا کارپێکراوەکان و ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی".


