بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،فالح ساری، وەزیری دارایی،جەختیکردەوە کە وەزارەتەکە بە دیدێکی حکوومی کاردەکات کە بنەماکەی بەهێزکردنی کارایی بەڕێوەبردنی سامانی گشتی و ئاراستەکردنییەتی بەرەو پشتیوانیکردنی کەرتی بەرهەمهێنان و گەشەپێدان.
وەزارەتی دارایی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ڕایگەیاند: "فالح ساری، وەزیری دارایی، پێشوازی لە ،کاترینا بجۆرلین هانسن،سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدان (EBRD) لە عێراق کرد، بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئاسۆکانی هاریکاری دارایی و تەکنیکی و پشتیوانیکردنی لە ئەولەویەتەکانی گەشەپێدان لە عێراق.
بەگوێرەی بەیاننامەکە : ساری جەختیکردەوە کە وەزارەتی دارایی بە دیدێکی حکوومی کاردەکات کە بنەماکەی بەهێزکردنی کارایی بەڕێوەبردنی سامانی گشتی و ئاراستەکردنییەتی بەرەو پشتیوانیکردنی کەرتی بەرهەمهێنان و گەشەپێدان، بەجۆرێک کە لەگەڵ ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکوومەتدا بگونجێت و کاریگەری گەشەپێدان لە پارێزگاکان بەهێز بکات، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی کە بەهۆی گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و فشارەکان بۆ سەر داهاتی گشتی دروست بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد : وەزارەت پشتیوانی پڕۆژە گەشەپێدانییەکان لە پارێزگاکان بە ئەولەویەت دەزانێت، بەتایبەت پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و ژێرخانەکان، ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی ئاسانکارییە پێویستەکان و بەهێزکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە پشتیوانیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان.
هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە : سەرۆکی بانکی ئەوروپی،جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی "بانکەکە بۆ هەوڵەکانی عێراق لە پێشخستنی دۆخی ئابووری و دارایی کردەوە، ئاماژەی بە بەرنامە تایبەتمەندەکانی بانکەکە کرد لە بوارەکانی وزە و ئاو، پشتیوانیکردنی بانکەکان و دابینکردنی دارایی بۆ کەرتی تایبەت.
