بەغدا – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن،جەختی کردەوە لەسەر هەوڵدان بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نیشتمانیی خاوێن بۆ "مۆڵەتی چوارەم" و چارەسەرکردنی کێشەی تۆڕەکان دوای ناڕەزایەتییە پەرلەمانییەکان، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانی گەشەپێدانی وەزارەتەکەی لە ماوەی سێ مانگدا دەخرێتەڕوو.

سەنەد، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: تێڕوانینی خۆمان کە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتدا یەکدەگرێتەوە، لە ماوەی سێ مانگدا پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، و جەختی کردەوە کە لە دیارترین ئامانجە ستراتیژییەکانمان مۆڵەتی چوارەم، سەروەریی دیجیتاڵی، ترانزێتی جیهانی بۆ عێراق،و چەندین پڕۆژەی دیکەی گرنگن.

هەروەک وتی: پڕۆژەکانی وەزارەتی گەیاندن پڕۆژەی بینراو نین، بەڵکو پڕۆژەی تەکنیکی و پەیوەندی و باشترکردنی خزمەتگوزارین،و ئەنجامەکانیشیان بۆ ڕای گشتی و میدیاکان دەردەکەون.

ئاماژەی بەوەشکرد : مۆڵەتی چوارەم عێراقییە، و کۆمپانیای ڤۆدافۆن خاوەندارێتی ناکات، هیچ پشکێکی تێدا نییە، بیرۆکەکە ئەوە بوو کۆمپانیایەکی نیشتمانی بێت کە موڵکی دەوڵەت بێت بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ،و زەین و کۆڕەک، کە هەندێکیان سەر بە وڵاتانی عەرەبین.

ڕوونیشیکردەوە : ئێمە سەروەرییەکی نیشتمانیی تەواومان بەسەر کەرتی گەیاندندا نییە، بۆیە بیرۆکەکە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نیشتمانی بوو، بەڵام ئەوە لە کاتی جێبەجێکردندا نەهاتە دی، چونکە ئەرکی کارپێکردن درا بە ڤۆدافۆن، لەگەڵ بوونی پشکی نیشتمانی بۆ کۆمپانیای سەلام و پشکێک بۆ سندوقی خانەنشینی، جگە لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت کە موڵکی دەوڵەتە.

لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی : لە لایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە سکاڵای یاسایی لە دژی پڕۆژەکە تۆمار کرا، کە ئەمەش بووە هۆی وەستانی،و ئەرکی ئێمەش بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەم کێشە ئاڵۆزە و چارەسەرکردنی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە ببێتە هۆی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نیشتمانیی خاوێن و ووتیشی "بەڵێنمان بە هاوڵاتییان داوە کە تا ساڵی 2027 ئینتەرنێتێکی بەهێزتر و فراوانکردنی دەروازەکان دەبێت.